ڤیدیۆ؛ ئینتەرمەیامی بەبێ مێسی خراپ دۆڕا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نیویۆرک رێد بوڵز، لە یارییەکی گرنگی خولی گەورەی ئەمریکیدا، بە ئەنجامی 4-0 لە میوانەکەی ئینتەرمەیامی بردەوە، کە یانەی میوان بەبێ ئەستێرە و کاپتنەکەی، لیۆنێل مێسی تووشی ئەو شکستە گەورەیە بوو.
هەر زوو، و لە خولەکی سێیەمدا لویس مۆرگان گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
پێشکۆتایی هاتنی گێمی یەکەم، هەوڵێکی لویس سوارێز سەرکەوتوو نەبوو بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بۆ یانەی میوان.
دوای شەش خولەک لە دەستپێکی گێمی دووەمدا، مۆرگان گۆڵێکی دیکەی بۆ نیویۆرک تۆمارکرد.
دوای چارەکێکی دیکە، ویکلمان کارمۆنای هاوڕێی گۆڵی سێیەمیشی تۆمارکرد.
لە خولەکی 70 مۆرگان گەڕایەوە و هاتریکی بۆ خۆی و گۆڵی چوارەمی یانەی رێد بۆڵزی تۆمارکرد.
لە خولەکی 77 نوح ئالین گۆڵێکی شەرەفمەندانەی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار گۆڵەکە رەتکرایەوە.
کاریگەری یارینەکردنی لیۆنێل مێسی بەئاشکرا بەسەر تیپەکەی تاتاوە هەبوو، کە لە کاتی یەکسانبوونیان لەگەڵ ناشڤیڵ لە 7ـی ئاداردا تووشی پێکان بوو، یەکێک بوو لەو نۆ یاریزانەی ئینتەرمیامی کە بەهۆی پێکانەوە یان ئەرکی نێودەوڵەتییەوە بەشدارییان نەکرد.
بەم ئەنجامە یانەی رێد بوڵز ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 10 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتدایە و ئینتەرمەیامی بەهەمان ژمارەی خاڵ پلەی دووەمی گرتووە.