کڵۆپ قسەی کۆتایی لەبارەی چوونی بۆ ریال مەدرید دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری نێوداری ئەڵمانی و بەڕێوەبەری تۆپی پێ لە کۆمپانیای "رێد بوڵ"ی جیهانی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتە کە باس لە پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە دەکەن.
کڵۆپ لە چوارچێوەی بەشداریکردیکردنی لە چالاکییەکدا کە لە میونشن ئەنجامدرا کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆیانە هێنا کە باس لە چوونی بۆ یانەی شاهانە دەکەن و گوتی "باشە کە باسی ئەم بابەتە بکەین،" پێش ئەوەی پرسیار بکات سەرچاوەی ئەم هەواڵانە لەکوێوە دێت."
دوای ئەوە راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول گوتی "کەی هەواڵێک بە هەواڵ دادەنرێت؟ ئایا تەنیا ئەوەیە کە کەسێک شتێک لەسەر کاخەزێک بنووسێت، یان دەبێت هەندێک راستی لەپشت بێت؟" کڵۆپ بە شێوەیەکی تەنزئامێز (بە پێکەنینەوە) باسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گریمانەیی کرد و گوتی: "دۆخەکە چۆن دەبێت؟ ئایا ریال مەدرید پەیوەندیم پێوە دەکەن و دەڵێن: (سڵاو یۆرگن، ئایا دەتوانیت وێنای ئەوە بکەیت؟) ئایا فلۆرێنتینۆ پێرێز پەیوەندیم پێوە دەکات و دەڵێت: (یۆرگن، چۆنیت؟ ئایا ئارەزووت هەیە؟)".
دیار بوو کە راهێنەرە ئەڵمانییەکە بە روونی بێزارە لەو بابەت و هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە چوونی ئەو بۆ یانەکە دەکەن و دەڵێت "ئایا ئەوە بەسە کە دەزگایەکی راگەیاندن، نازانم ژیریی دەستکردە یان مرۆڤی لەپشتە هەر قسەیەکی بێمانا بڵاو بکاتەوە؟ ئەمە بێزارم دەکات، چونکە دواتر دەبێت بەردەوام وەڵام بدەمەوە."
لەم چوارچێوەیەدا، کڵۆپ جەختی لە رەتکردنەوەی هەر پەیوەندییەک لەلایەن کارگێڕی یانەی شاهانەوە کردەوە و گوتی: "پێویستە لەم بابەتەدا وردتر بین، ئەگەر ریال مەدرید پەیوەندی بکردایە، لە کۆتاییدا دەکرا و ئاشکرا دەبوو."
لە کۆتایی قسەکانیدا یۆرگن کڵۆپ گوتی: "ئەمە هەمووی بێمانایە، تەنانەت یەک جاریش پەیوەندییان پێوە نەکردووم، بەڕێوەبەرەکەم لێرەیە و دەتوانن لێی بپرسن، پەیوەندییان بەویشەوە نەکردووە."
ئەم قسانەی یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی و پێشووی یانەی لیڤەرپوول لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە جارێک دەنگۆی پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە بڵاوکراوەتەوە، بەتایبەت کاتێک سەرەتای دەرکەوتنی ئەربێلوا وەکو راهێنەری یانەی شاهانە باش نەبوو.