رۆدیگێر لە ئەڵمانیا هەرای ناوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئانتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکەری یانەی ریال مەدرید رەتیکردەوە بەرامبەر رکابەرەکانی تووند یاریی بکات و بیەوێت ئازاریان پێبگەیەنێت، پاشئەوەی میدیای ئەڵمانیا رەخنەی تووندیان لە شێوازی یارییکردنی ئەو گرت.
 
رۆدیگێر گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا بۆ خۆئامادەکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکە بۆ دوو یاریی لە فیفا دەی ئەمجارە، وەڵامی ئەو رەخنانەی داوەتەوە کە لە ماوەی رابردوودا ئاراستەی کران.
 
لە یاریی بەرامبەر خیتافی لە لالیگا لەگەڵ ریال مەدرید، میدیاکانی ئەڵمانیا شێوازی یارییکردنی ئەو بەرگریکەرەیان بە مەترسیدار ناوبرد، پاشئەوەی بە ئەژنۆی، لە دیێگۆ ریکۆی یاریزانی یانەکەیدا، لەسەرەتاکانی مانگی سێدا.
 
بەشێک لە میدیاکان داوای سزادانی تووندی ئەویانکردبوو لە ئیسپانیا، لە کاتێکدا میدیای ئەڵمانیا و هەندێک لە ئەفسانەکانی هەڵبژاردەکە بەپێویستیان دەزانی، ئەو لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووربخرێتەوە.
 
ماریۆ باسلەری ئەفسانەی پێشووی ئەڵمانیا، رەخنەی تووندی لە رۆدیگێری و تەنانەت یولیان نایگێلسمانی راهێنەری هەڵبژاردەکەش گرت و داوای دوورخستنەوەی ئەو یاریزانەی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد.
 
باسلەر گوتبووی "پێویستە چیدی نایگێلسمان پشت بە رۆدیگێر نەبەستێت، چونکە ئەو چیدی نوێنەرایەتیی بەها ئەخلاقییە باشەکانمان ناکات".
 
رۆدیگێر لە پاش گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا، قسەی بۆ رۆژنامەی 'فایز' کردووە و رەتیدەکاتەوە دوژمنکارانە بەرامبەر رکابەرەکانی یاریی بکات.
 
بەرگریکەرەکە دەڵێ، "من هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی تیپەکەم دروست ناکەم، رێک دەزانم دەبێ چی بکەم و ئێمە پێویستە چی بکەین". لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو یاریزانە بەرپرسیارێتی هەڵەکەی لە ئەستۆ گرتووە و دەڵێ، "ئەم مشتومڕە جارێکی دیکە بۆمی دووپاتدەکاتەوە کە من بەرپرسیارێتییەکم لەسەر شانە و هەندێکجار لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکەدا نیم".
 
بەرگریکەرەکەی ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، "رەخنە وەردەگرم و بیری لێدەکەمەوە، لەبەرئەوەی دەزانم کە هەندێکجار بەدۆخی هاوشێوەدا تێپەڕیوم کە زێدەڕۆیی زۆری تێدا کراوە، ئەوەش کاریگەرییم لەسەر دروستدەکات و هەوڵدەدەم کۆنترۆڵی خۆم بکەم، نامەوێت ببمە سەرچاوەی پشێوی، بەڵکو دەمەوێت بەرجەستەکەری سەقامگیری و ئارامی بم".
 
رۆدیگێر هاوکات دووپاتیکردووەتەوە کە "بۆ بردنەوەی مۆندیال، تەنیا بەهرە بەس نییە، بەڵکو دەبێ هەمووان ئامادەبن بۆ ئەوەی هەندێک کاری پیس بکەن لەپێناو ئەوانیدیکەدا، ئەوکات ئیدی شکست پێهێنانی هەڵبژاردەکە ئەستەم دەبێت".
 
لە بەرامبەر ئەو مشتومڕەدا کەلەسەر بەرگریکارەکە و شێوازی هەڵسوکەوتی دروستبووە، یولیان نایگێلسمانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بەرگری لەو یاریزانە 33 ساڵانە کردووە.
 
نایگێلسمان گوتویەتی، ئەوەی ئەو کردوویەتی، "بەهێزە، بەڵام لادان نییە لە بنەماکانی تۆپی پێ".
 
یولیان دەڵێ، جۆشوخرۆشی سرووشتیی ئەو تایبەتمەندییە، نەک کێشە. "ئانتۆنیۆ کەسایەتییەکی مشتومڕ دروستکرە، لەبەرئەوە هەر کارێک بکات، گەورە دەکرێت".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "رۆدیگێر بەرگری لە خێزانی هەڵبژاردەکەمان دەکات بەتووندی، هەموو کارێک دەکات لەپێناو سەرکەوتنمان، ئەو کەسایەتییەکی راستەقینەی بەرجەستەکەری ویستی بردنەوەیە".
 
رۆدیگێر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەبێت بۆ دوو یاریی دۆستانەی ئامادەسازیی بۆ مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەکانی سویسرا لە رۆژی 27ی مانگ و دواتریش بەرامبەر گانا لە 30ی مانگ، بەرلەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا لەپێناو دەرکەوتنەوە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید.