فلیک چاوە شینەکانی سوور کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی یانەی بارسێلۆنا، هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە لەدوای یاریی بەرامبەر رایۆ ڤایێکانۆ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە و داوای فرۆشتنی دوو یاریزانی لە کارگێڕیی یانەکە کردووە و داوای گرێبەستێکی یەکلاکەرەوەی کردووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هێڵی هێرشبەری تیپەکەی.
سەرەڕای بەدەستهێنانی سێ خاڵەکە، ئەنجامی یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر رایۆ ڤایێکانۆ، هانزی فلیکی راهێنەری رازی نەکرد، چونکە گەیشتە چەند ئەنجامێکی گرنگ سەبارەت بە سیستمی هێرشبەری تیپەکە.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە رازی نەبوو لە دابەشکردنی خولەکەکان لەنێوان رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە گێمی یەکەم و فێران تۆرێس لە گێمی دووەمدا، چونکە هیچ کامێکیان نەیانتوانی کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوە لەناو یارییەکەدا دروست بکەن.
فلیک پێیوایە بارسێلۆنا پێویستی بە هێرشبەرێکی سەرەڕمی یەکلاکەرەوەی هەیە کە بتوانێت کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر یارییەکان هەبێت، نەک تەنیا لەڕێگەی گۆڵ تۆمارکردنەوە، بەڵکو لەڕێگەی جوڵە و بەشداریکردن لە بنیاتنانی یارییدا. ئەو پێیوایە هەردوو یاریزان لیڤاندۆڤسکی و فێران تۆرێس لەم قۆناخەی وەرزدا زەحمەتییان هەیە لە جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانەدا.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە رۆڵی ئەو دوو هێرشبەرە لە وەرزی 2027/2026 کەم ببێتەوە، و ئەگەری رۆیشتنی یەکێکیان یان هەردووکیان دوور نییە ئەگەر گرێبەستی گونجاویان بۆ بێت، یان ئەگەر گرێبەستەکەی لیڤاندۆڤسکی نوێ نەکرێتەوە.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ مێرکاتۆی هاوینە، بارسێلۆنا ئامانجی یەکەمی گواستنەوەی هێرشبەرێکی ئاستبەرزە کە لەگەڵ بیرۆکەکانی فلیک بگونجێت و ئاستی کێبڕکێی تیپەکە بەرز بکاتەوە.
ناوی وەک جولیان ئەلڤارێز و هاری کەین وەک بژاردەی ئەگەری دەردەکەون، ئەمەش بەهۆی توانای گۆڵ تۆمارکردنی بەرزیان و ژیریی تاکتیکی و بەشدارییە کاراکەیان لە یاریی بەکۆمەڵدا.
ئەم ئاراستەیە تەنیا هێڵی هێرشبەری ناگرێتەوە، بەڵکو بەشێکە لە پڕۆژەی گشتی تیپەکە کە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای هێرشبەرییە بەشێوەیەکی روون.
دوای یارییەکەی رایۆ ڤایێکانۆ، پەیامەکەی فلیک روون بوو؛گۆڕانکاری گەورە لە هێڵی هێرشبەریدا لەڕێگەیە، و لەوانەیە شێوەی هێرشبەری بارسێلۆنا لە وەرزی داهاتوودا بەتەواوی جیاواز دەربکەوێت.