گریزمان دوایین وێستگەی کاروانی وەرزشی لە ئەمریکا هەڵبژارد



رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئۆرلاندۆ سیتی ئەمریکی بە شێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ئانتوان گریزمانی فەرەنسی لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە راگەیاند، کە بڕیارە لە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات.
 
ئەم ئەستێرە فەرەنسییە و پاڵەوانی مۆندیالی 2018، گرێبەستێکی تاوەکو کۆتایی وەرزی 2027-2028 لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە واژۆ کردووە، هەروەها بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەش لەگەڵدایە. بەپێی راگەیەندراوی فەرمی یانەکە، گریزمان لە مانگی 7ـی ئەمساڵ کاتێک دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە خولی ئەمریکی دەکرێتەوە، بە فەرمی وەک یاریزانی یانەکە دەناسرێت.
 
مارک ویڵف، سەرۆکی یانەی ئۆرلاندۆ سیتی لەبارەی ئەم گرێبەستەوە گوتی "هێنانی ئەنتوان بۆ ئۆرلاندۆ ساتێکی مێژووییە، تەنیا بۆ یانەکەمان نا، بەڵکو بۆ شارەکەمان و هاندەرانمان و تەواوی خولی ئەمریکییش". هەروەها گوتیشی "ئەو یەکێکە لە بەهرەمەندترین و کاریگەرترین یاریزانەکانی سەردەمی خۆی، بڕیارەکەی بۆ هەڵبژاردنی ئۆرلاندۆ سیتی رەنگدانەوەی کولتووری یانەکەمانە".
 
گریزمان کە بە گۆڵکاری مێژوویی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دادەنرێت و 211 گۆڵی بۆ ئەو تیپە تۆمارکردووە، لەم وەرزەدا لە 43 یاری 13 گۆڵی هەبووە، یەکێک لە گۆڵەکانیشی بەرامبەر تۆتنهام بوو لە چامپیۆنزلیگ کە یارمەتی تیپەکەی دا بگەنە قۆناخی هەشتەم.
 
ئەستێرە تەمەن 35 ساڵانەکە لەبارەی ئەم گۆڕانکارییە نوێیە لە ژیانی وەرزشیدا گوتی "زۆر دڵخۆشم بە دەستپێکردن لەگەڵ ئۆرلاندۆ سیتی، لە یەکەم گفتوگۆم لەگەڵ یانەکە، هەستم بە حەزێکی زۆر و دیدگایەکی روون بۆ داهاتوو کرد، ئەوەش منی راکێشا".
 
گریزمان پێشتر نازناوی یۆرۆپالیگی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید و نازناوی لالیگای لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستهێناوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش 137 یاری بۆ فەرەنسا کردووە، بەڵام لە ساڵی 2024ـەوە چیتر بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی یاری نەکردووە. یانە نوێیەکەی گریزمان، ئێستا لە پلەی 13ـی ریزبەندییەکەیاندایە و هیوادارن بە هاتنی ئەم ئەستێرەیە دۆخی تیپەکە بەرەو باشتر ببات.