داواکارییەکی پاریس سانجێرمان ناڕەزایەتییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، داوای دواخستنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی لانس دەکات و داواکارییەکەی ناڕەزایەتییەکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
پاریس سانجێرمان، بە ئامانجی پشوودان بە یاریزانەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگدا داوای دواخستنی یارییەکەی بەرامبەر یانەی لانس کردووە، لە 11-4 بەڕێوەدەچێت و دەکەوێتەوە نێوان هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
داواکاریی پاریس سانجێرمان ناڕەزایەتیی یانەی لانسی لێکەوتەوە و یانەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک رازی نین بە دواخستنی یارییەکەمان."
یانەکە نووسیوویەتی "وادیارە خەریکە هەستێکی نیگەرانکەر دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە خولی فەرەنسا وردە وردە بەرەو ئەوە دەبرێت ببێتە تەنیا پارچەیەکی گونجێندراو کە بەپێی پابەندبوونە ئەورووپییەکانی هەندێک لە یانەکان دەستکاری بکرێت."
لانس دەڵێت"بەو پێیەش، وا تێدەگەین کە خاوەنی دەیەمین گەورەترین بوودجەی خولەکە، ناچار دەکرێت خۆی لەگەڵ داخوازییەکانی یانە بەهێزترەکاندا بگونجێنێت، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندییەکدا کە وادیارە لە چوارچێوەی ناوخۆیی تێدەپەڕێت، ئەو چوارچێوەیەی کە لە وەرزەکانی دواییدا پێشتریش بچووک کراوەتەوە (وەک کەمکردنەوەی خولەکە بۆ ١٨ یانە و هەڵوەشاندنەوەی جام)."
ناڕەزایەتیی لانس لە داواکاریی دواخستنی یارییەکەیان لەکاتێکدایە یانەکە تەنیا یەک خاڵ لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە دوورە و رکابەری سەرەکیی ئەو یانەیەیە بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی فەرەنسا.
داواکاریی پاریس سانجێرمان بۆ دواخستنی یارییەکەیان، بەهۆی یارییەکانی چامپیۆنزلیگەوە یەکەمجار نییە، پێشتریش یارییەکەیان بەرامبەر نانت بەهۆی یارییەکانی یانەکە بەرامبەر چێڵسی دواخرابوو.