لیژنەی ناوبژیوانان ریال مەدرید شۆک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

لە کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانانی لالیگا  CTA کە سەبارەت بە دەرکردنی فیدی ڤاڵڤێردیی یاریزانی ریال مەدرید لە دێربیی مەدرید بوو، ریال مەدرید شۆککراوە.
 
دوای دێربییە پڕ لە ورووژێنەرەکەی مەدرید کە تێیدا مشتومڕێکی زۆری ناوبژیوانی دروستبوو، بەتایبەت لەو دیمەنەی کە فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی ئۆرۆگوایی تێیدا بە کارتی سوور دەرکرا، هەڵسەنگاندنێکی نوێ دەرکەوتووە کە بەتەواوی پێچەوانەی هەڵوێستی یانەی ریال مەدریدە.
 
یانەی ریال مەدرید بەتووندی رەخنەی لە ناوبژیوان  مونوێرا مۆنتێرۆ  دەگرێت بەهۆی ئەو کارتە سوورە راستەوخۆیەی لە گێمی دووەمدا بەڕووی ڤاڵڤێردیدا بەرزی کردەوە. یانە شاهانەکە پێیوایە بڕیارەکە نادادپەروەرانەیە و بڕیارە تانە لە کارتەکە بگرێت بەو هیوایەی رێگری بکات لە راگرتنی یاریزانەکە بۆ ماوەی دوو یاری.
 
بڕیاری لیژنەی ناوبژیوانان
 
رۆژنامەنووس خوانفی سانز  لە بەرنامەی ناوداری  ئێل چێرینگیتۆ  ئاشکرایکرد کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانانی لالیگا CTA، گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی ئاستی ناوبژیوان و بڕیارەکانی یاریی دێربی کراوە.
 
ریال مەدرید یارییەکەی بەئەنجامی 3-2 بردەوە. گۆڵەکانی ریال لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆر  دوو گۆڵ و ڤاڵڤێردی گۆڵێک تۆمارکران، لە بەرامبەردا ئەدیمۆلا لوکمان و ناهوێل مۆلینا گۆڵەکانی ئاتلێتیکۆیان تۆمارکرد. بەمەش ریال مەدرید خاڵەکانی گەیاندە 69 خاڵ لە پلەی دووەم و بە جیاوازی 4 خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگە.
 
خوانفی سانز روونیکردەوە کە لیژنەی تەکنیکی پێیانوایە ناوبژیوان بڕیارێکی تەواو دروستی داوە کاتێک ڤاڵڤێردی بە کارتی سووری راستەوخۆ دەرکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنەکە بەتووندی دژی رای یانەی ریال مەدرید وەستاوەتەوە و پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ مونویرا مۆنتێرۆ دەربڕیوە، و رەفتارەکەی ڤاڵڤێردییان بە سەرپێچییەک وەسف کردووە کە شایەنی دەرکردنی راستەوخۆ بووە.
 
پشتگیری تەواو بۆ ناوبژیوان 
 
سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوە هەفتانەییەکەی ئەندامانی لیژنەکە، ئاماژە بەوە دراوە کە ناوبژیوانان دەستخۆشییەکی زۆریان لە ئاستی مۆنتێرۆ کردووە لە یاریی دێربیدا. تەنانەت بڕیار دراوە دیمەنی دەرکردنی ڤاڵڤێردی بخرێتە ناو بڕگەی 'کاتی پێداچوونەوە' لە ڤیدیۆ شیکارییە فەرمییەکانی لیژنەکە، وەک بەڵگەیەک بۆ دروستیی بڕیارەکە و پشتگیریکردن لە کارتە سوورەکە.