بارتۆمیۆ نهێنییەکان ئاشکرا دەکات: نەیمار دۆخی یانەکەی تێکدا و مێسی دەیویست بەخۆڕایی بڕوات


رووداو دیجیتاڵ

جۆسیپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەرگری لە ماوەی سەرۆکایەتیی خۆی لە یانەکە کردووە، بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی پێیانوایە ئەو سەرچاوەی کێشەکانی ئێستای یانەکە بووە.
 
بارتۆمیۆ دەڵێ، ئەوەی لە بارسێلۆنا روودەدات، بۆ سەرهەڵدانی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە نەک خراپ بەڕێوەبردن.
 
بارتۆمیۆ قسەی بۆ پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیی ئیسپانی کردووە، دەڵێ، "ئەو تۆمەتانەی باس لە بەجێهێشتنی میراتێکی خراپ لە یانەکە لەلایەن ئێمەوە دەکەن، ناڕاستن".
 
روونیکردووەتەوە، بارسێلۆنا بەرلە کۆرۆنا، لە دۆخێکی وەرزشیی و دارایی باشدابوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ریتمی داهاتەکان، بەرلەوەی بەهۆی هاتنی پەتای کۆرۆناوە، نزیکەی 500 ملیۆن یۆرۆ لە نێوان هەردوو وەرزی 2019 - 2020 و 2020 - 2021 لەدەست بدەین.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "میراتەکەی من، میراتێکی خراپ نەبوو، میراتێک بوو کە زۆر شتی باشی تێدابوو، لەگەڵ هەندێک شتی کوالیتیی کەمتر، بەڵام تاوەکو ئێستاش کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر یانەکە ماوە. ئێمە ئەوکات لە هەموو روویەکەوە گەشەمان دەکرد، بەڵام پەتا جیهانییەکە هات و داڕووخانی لە داهاتەکاندا کرد و ئەوەش رەنگدانەوەی گەورەی لەسەر بودجەی یانەکە هەبوو".
 
ئەو ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوەی لە 2021 روویدا لە زەبەلاحکردنی زیانە داراییەکان، بووە هۆکاری ئەوەی یانەکە لە یاساکانی یاریی خاوێن لابدات و دووپاتیدەکاتەوە کە دان نەنان بەقەبارەی کاریگەریی پەتاکە، وایکرد دۆخەکە لەوە خراپتربێت کە پێشبینی دەکرا.
 
بارتۆمیۆ دەڵێ، 'بووژانەوە داراییەکان' کە دواتر وەک چارەسەر بەکارهێنران، لە بنەمادا چارەسەر نەبوون، چونکە بریتی بوون لە فرۆشتنی موڵکەکانی یانەکە و لە کۆتاییشدا نەبوونە هۆکار بۆ دابەزینی بڕی قەرزەکانی سەر یانەکە.
 
سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا دەڵێ، لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە یانەکە بێدەنگیی هەڵبژاردووە و ئێستا بڕیاریداوە قسە بکات، لەبەرئەوەی پاش پێنج ساڵ، هێشتا باسی میراتەکەی ئەو دەکرێت، ئەمە جیا لەوەی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە، باسوخواسی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ئەو گەرمکراوەتەوە.
 
ئەو دەڵێ، "پاشئەوەی سەرۆک دەستلەکاردەکێشێتەوە، باشترە دووربکەوێتەوە، بەڵام من زۆرم لەسەر ماوەی سەرۆکایەتیی خۆم و میراتەکەم بیست، لەبەرئەوە بەگونجاوم زانی روونی بکەمەوە چی روویدا، لەبەرئەوەی ئەوەی باسدەکرێت، هەق نییە".
 
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەکە کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەنجامدران و خوان لاپۆرتا، سەرۆکایەتییەکەی بەدەستهێنایەوە، دەڵێ پێشبینی بردنەوەی لاپۆرتام دەکرد، چونکە ئەندامانی یانەکە تیپی براوەیان دەوێت، دەیانەوێت ئەوان بەردەوام بن.
 
بارتۆمیۆ دەڵێ، هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ لاپۆرتا نییە، دوایینجار کە یەکدیمان بینی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015ی یانەکە بوو کە تێیدا بوومە سەرۆک، بەڵام ئەوکات لاپۆرتا پیرۆزبایی لێنەکردم.
 
جۆسیپ ماریا بارتۆمیۆ، ئاشکرایکردووە، خاڵی وەرچەرخان لە رووداوەکانی پەیوەست بەیانەکە، بەرزبوونەوەی مووچەی یاریزانەکان بوو لەگەڵ رۆیشتنی نەیمار داسێلڤا بۆ پاریس سانجێرمان.
 
ئەو دەڵێ، ئەو رووداوە یانەکەی ناچارکرد، مووچەی یاریزانەکانی زیادبکات و مەرجی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان بەرز بکاتەوە، تاوەکو رێگە لە یانەکانی دیکە بگرێت، هەوڵی بردنی یاریزانانی یانەکە بدەن، بەتایبەت یانە ئینگلیزییەکان.
 
روونیدەکاتەوە، "مەرجی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی لیۆنێل مێسیمان لە 400 ملیۆنەوە بۆ 700 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردەوە. هەروەها هەمان شتمان بۆ گرێبەستەکانی جۆردی ئەلبا و سێرجیۆ بۆسکێس کرد، تاوەکو هیچ یانەیەک بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵیان نەکاتەوە".
 
بارتۆمیۆ بەدرێژی باسی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە یانەکە کردووە، دووپاتیکردووەتەوە ئەو یاریزانە لە هاوینی 2020 داوای رۆیشتنی کردووە، "بەڵام ئێمە رێگەمان نەدا، چونکە ئەو بەبەهاترینی یانەکە و یەکێک لە سەرچاوە گەورەکانی داهات بوو".
 
بارتۆمیۆ دەڵێ، "هەمووان باس لە هێزی مێسی لە نێو یانەکەدا دەکەن، بەڵام ئەو نەدەستی دەخستە نێو کاروبارەکان، نە بڕیاری لەسەر گرێبەستەکان دەدا و نە لە دەستنیشانکردنی راهێنەراندا رۆڵی هەبوو. لە مانگی هەشتی 2020 داوای رۆیشتنی کرد، بەڵام من دەستبەرداربوونم نەدایە، چونکە نەدەکرا رێگە بەڕۆیشتنی بدەین بەخۆڕایی".
 
ئەو روونیدەکاتەوە، مێسی پێیوابوو کارگێڕییەکی نوێ دێن و گرێبەستەکەی بۆ نوێدەکەنەوە، بەڵام سوپرایزبوو کاتێک بینی یانەکە بەهۆی یاساکانی یاریی خاوێنەوە، توانای نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەوی نییە.
 
لەبارەی دۆسێی نێگرێراوە، سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو پارانەی بە خۆسێ ماریا ئینریکێز نێگرێرا دراون، هەموویان بەرامبەر راوێژی ناوبژیوانیی بوون و پەیوەندییان بەوەوە نەبووە کە تایبەتمەندی بدرێتە بارسێلۆنا.
 
بارتۆمیۆ دەڵێ، من تاکە کەس بووم لە دادگا، داوام لە دادوەرکرد، دۆسێیەکانی بارسێلۆنا نەداتە ریال مەدرید، چونکە نەدەکرا دۆسێیەکانی یانەکە، بکەوێتە دەست یانەیەکی رکابەر.
 
سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا، لەبارەی دەستنیشانکردنی هانزی فلیک بە راهێنەری نوێی یانەکە رایگەیاندووە، کە ئەوە کارێکی باشبووە، بڕیارێکی سەرکەوتووە و ژمارەیەکی زۆری یاریزانەکانی ئێستا، لە کاتی سەرۆکایەتیی ئەودا هێنراونەتە یانەکە.
 
بارتۆمیۆ بەڵام لە دژی هەندێک بڕیاری دارایی و کارگێڕیی ئێستای یانەکەیە، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەندی بەفرۆشتنی ماڵوموڵکی یانەکەوە هەیە لەپێناو بەکارهێنانیان بۆ بووژانەوە داراییەکان.
 
بارتۆمیۆ دەڵێ، نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نوم بەدڵ نییە، بەلامەوە سەیرە پڕۆژەکە دراوەتە دەست کۆمپانیایەکی تورکی، لە کاتێکدا کۆمپانیای گەورەی ئیسپانی هەن و دەیانتوانی کارەکە بکەن.
 
ئەو دەڵێ ئەو پڕۆژەیەی ئێمە بۆ هەمان کار ئامادەمان کردبوو، تێچووی کەمتر و گونجاوتربوو بۆ یانەکە، چونکە پڕۆژەکەی ئێستا ماوەی زیاتر لە ساڵێک و نیو دواکەوت و ئەوەش تێچووەکەی بەرزکردەوە.
 
بارتۆمیۆ دەڵێ، ماوەی سەرۆکایەتیی من کاری گەورەی بەخۆوەبینی، لە نێویاندا دروستکردنی یاریگەی یۆهان کرۆیف، گەشەپێدانی ئەکادیمیاکان و دەستپێکردنی پڕۆژەی 'ئیسپای بارسێلۆنا'.
 
بارتۆمیۆ ماوەی شەش ساڵ سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بووە، لەماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا، یانەکە چوار نازناوی لالیگا و چوار نازناوی جامی شا و نازناوێکی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا. بەڵام دواتر بە پارەدان بەکۆمپانیایەک لەپێناو هێرشکردنە سەر ئەستێرەکانی یانەکە و تێوەگلان لە خۆدزینەوە لە باج تۆمەتبارکرا، بەرلەوەی دادگا بڕیاری بێتاوانیی ئەو بدات.