گەڕێکی ئاگرین چاوەڕێی یانەکانی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە یارییەکانی گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، یانەکانی کوردستان بەرامبەر تیپە بەهێزەکانی خولەکە یاری دەکەن و دەیانەوێت ژمارەی خاڵەکانیان زیاد بکەن.  
 
یانەی هەولێر گەشانەوەیەکی زۆری پێوە دیارە و باسم قاسم، جەنەراڵ و سەرکردەی تیپەکە هیوای گەڕانەوە بۆ رۆژانی زێڕینی گەڕاندووەتەوە نێو دڵ و خەیاڵی هاندەرانی یانەکەی، ئیمپڕاتۆر لە پێنج یاریی رابردوویدا سەرکەوتوو بووە، ئەمجارە رۆژی هەینی لە باشووری عێراق یاری لەگەڵ یانەی نەفتی میسان دەکات. 
 
یانەی هەولێر کە 34 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەن دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە، بەکۆکردنەوەی 49 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولەکەیە و جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی جەوییە شەش خاڵە، بردنەوە لە نەفتی میسان نزیکی دەکاتەوە لە وەرگرتنی سەر لیستی خولەکە. 
 
شەوی رابردوو یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا بەئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی دیالەی بردەوە و سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا. دوای یارییەکە سەفین یاسین سەرۆکی یانەی هەولێر چووە نێو یاریزانەکانی لە ژووری جلگۆڕین و دوای دەستخۆشی لێکردن ئاشکرایکرد کە وەرزی ئەمساڵ پلەکانی پێشەوەیان دەوێ. 
 
یانەی زاخۆ یاریی لووتکەی گەڕی 23ـی خولەکە دەکات بە میوانداریکردنی یانەی شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو، کوڕانی خابوور دوای ئەوەی یاریی رابردوویان تووشی شکست بوون بە یانەی موسڵ، ئەمجارە دەیانەوێت بە پاڵپشتی هاندەرانیان کە باشترینی جیهانن برینەکانی شورتە قوڵتر بکەن، لەبەرئەوەی سەوز پۆشەکانی بەغدا دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو لەگەڵ اینەی نەفت یەکسانبوون، کەوتنە بەر رەخنەی هاندەرانیان و کار گەیشتە ئەوەی لایەنگرانیان داوای دوورخستنەوەی موئمن سلێمانی راهێنەریان بکەن.
 
یانەی زاخۆ 40 خاڵی هەیە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە، یانەی شورتە 49 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتووە. 
 
یانەی دهۆک دوای دۆڕاندنی یاریی کلاسیکۆی کوردستان، راستەوخۆ دەستبەرداری عەبدولغەنی شەهد بوو، ئێستا ئەحمەد خەڵەف راهێنەری تیپەکەیە. ئالهۆێین چیای لە بەسرە یاری لەگەڵ مینا دەکات، تیپەکە دوو رۆژە گەشتی دوایین شاری عێراقی کردووە و دەیەوێت بە بردنەوەی یارییەکە کۆتایی بە نیگەرانی و دڵەراوکێی هاندەرانی بهێنێت.
 
دهۆکی پاڵەوانی وەرزی رابردووی جامی یانەکانی کەنداو و جامی عێراق، خاوەن 33 خاڵە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییە. 
 
نەورۆزی کوردان لەنێو یاریگەی جوان و قەشەنگەکەی لە شاری سلێمانی دەیەوێت درێژە بدات بە کاروانی سەرکەوتنەکانی، ئەمجارە یانەی غەڕاف کێبرکێی دەکات، نەورۆز لە دوای هاتنی وەلی کەریمی راهێنەر ئاستبەرزییەکی زۆری پێشکەشکردووە و دوو یاری رابردووش بە ئاهەنگگێڕان بەکۆتاهێناوە، بۆیە تیپەکە و لایەنگرانی تەنیا دروشمیان راماڵینی رکابەرەکەیانە. 
 
نەورۆز 31 خاڵی هەیە لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.