یاریزانێکی تەمەن 18 ساڵانی کۆڵۆمبی لە نێو یاریگەدا گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە کۆڵۆمبیا، گیان لەدەستدانی سانتیاگۆ کاستییۆنی یاریزانی لاوی تەمەن 18 ساڵان راگەیێنرا، پاشئەوەی لە نێو یاریگە و لە کاتی یارییکردندا لەهۆش خۆی چوو.
 
میدیای کۆڵۆمبیا ئاشکرایانکردووە، ناوەندە وەرزشییەکانی وڵاتەکە دووچاری شۆکبوون، پاشئەوەی کاستییۆنی ناوەڕاستکاری لاوی میۆناریۆسی کۆڵۆمبی، لە تەمەنی 18 ساڵیدا گیانی لەدەستدا، پاش کەوتنی لە ناکاوی لە کاتی یاریی کلاسیکۆی خوار 20 ساڵان، لە نێوان هەردوو یانەی میۆناریۆس و ئیندیپێندێنتی سانتا.
 
کاستییۆن کە لە دایکبووی شاری بۆکارامانگابوو و بەهرەمەندێکی جێگەی سەرنج بوو کە نزیکبوو لە چوونە تیپی یەکەمی یانەکە، لەسەر چیمەنی یاریگە بەربووەوە و بەخێرایی گەیێنرایە نەخۆشخانەیەکی باکووری بۆگۆتا.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، هەوڵە گەورەکان بۆ رزگارکردنی گیانی، لەلایەن پزیشکەکانەوە، یانەکە ئێوارەی یەکشەممە گیان لەدەستدانی ئەوی راگەیاند.
 
یانەی میۆناریۆس لە بڵاوکراوەیەکدا، دڵتەنگیی خۆی بە رووداوەکە راگەیاند، تێیدا دەڵێ، "وێڕای هەوڵە پزیشکییەکان، سانتیاگۆ نەیتوانی دەربازبێت و گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ تۆپی پێ رادەوەستێت، دڵە شینەکە شکاوە و بێدەسەڵاتی و خەمباریی بەسەرماندا زاڵە".
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری راستەوخۆی گیان لەدەستدانی ئەو یاریزانە ئاشکرا نەکراوە، لە کاتێکدا یانەی ریال مەدرید پەیامی سەرەخۆشیی بۆ یانە کۆڵۆمبییەکە ناردووە و خۆی بەهاوبەشی خەمیان دەزانێت.
 
رادامێل فالکاوی هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا کە ئێستا لە یانەی میۆناریۆس یارییدەکات، لە پەیامێکدا گوتویەتی کۆچی دوایی یاریزانەکە دووچاری شۆکی کردووە. ئەو دەڵێ لە ماوەی رابردوودا پێکەوە مەشقیان کردووە و ئەو گەنجێکی بەویست و هەوڵدەر بوو.