باوکە گەنجەکەی نەیمار هاوڕەگەزخوازە

رووداو - هەولێر

دایکی نەیمار دەیەوێت لە خۆشەویستە نوێیەکەی جیا ببێتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو کوڕە گەنجە هاوڕەگەزبازە.

رۆژنامەکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، نادین گۆنکالڤێس دایکی نەیمار داسێلڤا بڕیاریداوە لە تیاگۆ رامۆسی خۆشەویستە نوێیەکەی جیا ببێتەوە، چونکە دەرکەوتووە کە تیاگۆ هاوڕەگەزبازە و پەیوەندی لەگەڵ چەند پیاوێکدا هەبووە.

نادین بە تیاگۆی گوتووە، بۆچی پێت نەگوتووم هاوڕەگەزبازم، ئەویش لای ئەو نکۆڵی لەو بابەتە کردووە و دەڵێت، هاوڕەگەزبازنیم و ئەوە تەنیا قسەی رۆژنامەکانە، بەڵام دایکی نەیمار سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ باوکە نوێیەکەی نەیمار جیا ببێتەوە.

چەند رۆژێک پێش ئێستا نادینی دایکی نەیمار رایگەیاند کە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ رامۆسدا هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە دایکی نەیمار 52 ساڵە و کوڕە گەنجەکەش 22 ساڵە.

چیرۆکی پەیوەندی نێوان نادین و کوڕە گەنجەکە

نادین گونسالفيس داسێلفا، کە بە "نادین سانتۆس"یش ناودەبرێت، ئافرەتێکی بەرازیلییە، دایکی نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە. 

نادین نزیکترین هاوڕێی نەیمارە، سەرۆکی رێکخراوی کۆمەڵایەتی "پەیمانگای نەیمار جۆنیۆر"ە، کە لە لایەن نەیمارەوە پشتگیری دەکرێت.

لە 19ی کانوونی دووەم لەدایکبووە، بەڵام ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە، ئەو دەڵێت تەمەنی 52 ساڵە، بەڵام هەندێک دەڵێن تەمەنی راستەقینەی 55 ساڵە.

نادین سانتۆس، هاوسەرگیری لەگەڵ نەیمار سانتۆسی باوک کرد، کە یاریزانی تۆپی پێ بوو، دواتر بووە راهێنەری کوڕی، ئەو دۆزەرەوەی بەهرەی نەیمار بوو، هەر خۆیشی برەوی بە بەهرەکانی نیمۆ دا، ئێستاش بەڕێوەبەری کارەکانی نەیمارە، کە نەیمار لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت "هەموو شتێک لەدەست باوکمدایە".

دایک و باوکی نەیمار، ئەو دوو هاوژینە لە ساڵی 2017 لە یەکدی جیابوونەوە، کاتێک ناکۆکی نێوانیان گەیشتە لووتکە، دوای ئەوەی دەرکەوت باوکی نەیمار خیانەت لە دایکەکەی دەکات و پەیوەندی لەگەڵ خانمە ئەکتەر و ئەستێرەی رێکلامی بەرازیلی فرانسێلی فریدۆزیسکی هەیە. لەدوای ئەو جیابوونەوەیەوە نەیمار و هەردوو خوشکی لەگەڵ باوکیان دەژین و دایکی نەیماریش بە تەنیا لە بەرازیل دەژیت.

سەرەڕای جیابوونەوەی دایک و باوکی، نەیمار زۆر نزیکە لە دایکی خۆی و داپیرەی کوڕەکەی داڤید لوکا، کە مووچەیەکی گەورە وەردەگرێت، وەک سەرۆکی رێکخراوی کۆمەڵایەتی "پەیمانگای نەیمار جۆنیۆر".

هەرچی عاشقە نوێیەکەی دایکی نەیمارە، ئەو گەنجێکی تەمەن 22 ساڵانە، ناوی تیاگۆ رامۆسە، وەک یاریزان بەختی خۆی لەگەڵ یانەی ئاتلێتیکۆ فیرۆفیارۆ تاقیکردەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە بڕیاریدا بچێتە جیهانی یارییە ئەلەکترۆنییەکان و بووە ئەستێرەی تیپی K Easy Game4، کە بەهێزترین تیپی وەرزشیی ئەلیکترۆنییە لە بەرازیل، کە لە ئینیستاگرام 352 هەزار فۆڵوەرزی هەیە و ئەستێرەی تيك تۆكیشە.

بەرە بەرە ئەو گەنجە ناوبانگی دەرکرد، تاوەکو بووە کەسێکی بەناوبانگ لە بەرازیل و بەشداری لە چەند نمایشێکی جلوبەرگ و چەند رێکلامێکدا کرد.

چەند وێنەیەک کە لە چەند بۆنەیەکدا گیراون، دەریانخست کە ئەو کوڕە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ خانەوادەی نەیماردا هەیە، تاوەکو نادینی دایکی نەیمار لە رێگەی ئینیستاگرامەوە رایگەیاند بووەتە دۆستی کوڕێک بەناوی تیاگۆ رامۆس، کە تەمەنی تەنیا 22 ساڵە.

نادین وێنەیەکی خۆی و رامۆسی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "کە دڵت خۆشەویستی کرد، ناکرێت لێکدانەوە بۆ شتێک بکەی کە لێکدانەوەی بۆ ناکرێت".

رامۆس پێشتر هیوایەتی ئەوەبوو کە وێنەیەک لەگەڵ نەیماربگرێت، لە نامەیەکیدا بۆ نەیمار  کە لە ئینستاگرامەکەیشیدا بڵاویکردبووەوە نووسیبووی "من زۆر سەرسامی یاریکردنی نەیمارم، ئەو باشترین یاریزانە و هیوادارم رۆژێک لە رۆژان بەیەکەوە یارییەکی ئەلیکترۆنی بکەین، بەو هیوایەم کە ئەم نامەیە بگاتە دەستی ئەو و بیخوێنێتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرەنج بوو، نەیمار و باوکی هەر زوو پیرۆزباییان لە نادین کرد، نەیمار لە کۆمێنتی ئینیستاگرام، دڵێکی بۆ دایکی دانابوو، نووسیبووی "دڵخۆش بە دایکە.. خۆشم دەوێی". بەڵام ئەوە رێگر نەبوو لەوەی خەڵکی بە لێشاو کۆمێنتی گاڵتەجاڕانەیان بۆ بنووسن.