مەسعود میراڵ هێرشدەکاتە سەر یاریزانەکانی و تووڕەیە

24-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مەسعود میراڵ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆڕاندنی بەرامبەر یانەی کارەبا و لە دەستدانی سێ خاڵی یارییەکە مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆکی تووڕەکرد و راهێنەرەکە بە ئاشکرا هێرشدەکاتە سەر یاریزانەکانی و دەڵێت "هەندێک لە یاریزانەکان تەنیا بۆ پارە یاری دەکەن."
 
میراڵ دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "دهۆک نازناوی خول ناباتەوە، پێشوەختە پیرۆزبایی لە شورتە یان زەورا دەکەین. لەو کاتەوەی ئێمە بووینەتە پاڵەوانی جامی کەنداو، سەرنجی یاریزانەکان تەنیا لەسەر وەرگرتنی پاداشت و پشووە و گەشتکردنە، ئەمە تۆپی پێیەکی پیشەگەرانە و رێزلێگیراو نییە."
 
مەسعود میراڵ زیاتر گوتی "ئێمە وەکو تیپێکی پاڵەوان و رکابەر مامەڵە ناکەین، بەڵکو وەکو منداڵێک کە تەنیا چاوی لە پاداشتە و دەمانەوێت پشوو وەربگرین و بۆ دوو یان سێ رۆژ گەشت بکەین."
 
راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "لە یارییەکەدا تەنیا دوو یاریزان بەرپرسیارانە یارییان دەکرد، بەشێکی یاریزانەکان تەنیا بۆ پارە یاری دەکەن و لە ئەمڕۆوە سێ بۆ چوار یاریزان، یاریزانی یانەی دهۆک نین."
 
دوای ئەوەی رەخنەی زۆر لە پاشەنگ عەبدوڵڵا گیرا و بەشێکی هاندەران هێرشیانکردە سەر ئەو یاریزانە، میراڵ لە ستۆریی ئینستاگرامەکەی نووسیوویەتی" ئەم یاریزانە لە 11 یارییدا 11 خاڵی بۆ بەدەستهێناوین، ئەو یاریزانەیە کە یەکەم کەسە دێتە راهێنانەکان و دوایین کەسیشە دەگەڕێتەوە، چەند مانگێک لەمەوبەر هەمان شت بەرامبەر سیابەند کرا، تۆپی پێ وەرزشێکە بۆ یاریزانان و هاندەران، ئێوە دڵی تیپەکەن، بۆیە پێتان دەڵێم خوشک و براکانم جارێکی دیکە گاڵتە بە یاریزانەکانم مەکەن."
 
یانەی دهۆک دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو، دوو یاریی بەرامبەر یانەی حدوود و کارەبا ئەنجامداوە و هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە