بەر لە یاریی کۆتایی جامی شا گورزێکی کوشندە بەر بارسێلۆنا کەوت
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم گورز بەر بارسێلۆنا کەوت بەر لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید، کە هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە یاریزانێکی زۆر گرنگی لەدەستدا.
بارسێلۆنا لە رۆژانی داهاتوودا چەندین یاری گرنگ و یەکلاکەرەوەی وەرز ئەنجام دەدات، سەرەتاش لە رۆژی شەممەوە دەستپێدەکات کە لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید دەبێتەوە. لە رۆژی 30ـی ئەم مانگە و 6ـی مانگی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یانەی ئینتەرمیلان دەبێتەوە.
گورزێکی کوشندە بەر بارسا کەوت، دوای ئەوەی یەکلاییکرایەوە کە ئەلیخاندرۆ باڵدێی بەرگریکاری باڵی چەپی بلاوگرانا ناتوانێت بۆ یاریی کۆتایی جامی شا ئامادەبێت، کە هەفتەی رابردوو تووشی پێکان بوو لە ماسوولکەی دوو سەری رانی چەپی.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ماوەی دوورکەوتنەوەى باڵدێ لەنێوان دوو بۆ سێ هەفتەدا دەبێت، لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند لە چامپیۆنزلیگ و سێلتاڤیگۆ لە لالیگادا بەشداری نەکردووە.
بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یاریزانە نێودەوڵەتییە ئیسپانییەکە گەڕایەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان لەسەر چیمەن، کە زووترە لەو ماوەیەی چاوەڕوان دەکرا بگەڕێتەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە، باڵدێ رۆژی دووشەممەی رابردوو لە یاریگادا دەستی بە راهێنانی تاکەکەسی کردەوە، دوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی، ئەمەش پێشهاتێک بوو کە هاندەرانی بارسای دڵخۆشکرد، بەڵام بەپێی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی بەنێوبانگی ئیسپانی "ئێل چیرینگویتۆ"، باڵدێ سەرەڕای دەرکەوتنی لە مەشقەکانی تاکەکەسیدا، بەڵام ئامادە نابێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا.
ئەلیخاندرۆ باڵدێ لەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی لەگەڵ بارسا پێشکەش کردووە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 43 یاری ئەنجامداوە و لە جامی سوپەردا یەک گۆڵی بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردووە و 10 ئەسیستیشی هەیە.