گواردیۆلا کێشە بۆ ریال مەدرید دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی پلانێکی هەیە و دەیەوێت لە ئێستاوە کێشە بۆ ریال مەدرید دروست بکات.
 
یانەی مانچێستەر سیتی خۆی بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە دەکات، کە پێشبینی دەکرێت ئەوە مەترسییەکی بەرچاو بۆ سەر یانە گەورەکانی ئەورووپا دروست بکات بەتایبەتی ریال مەدرید، لەکاتێکدا مێرینگێ خۆی کێشەی زۆرە و هەوڵدەدات کێشەکانی بۆ وەرزی داهاتوو چارەسەر بکات.
 
پێپ گواردیۆلا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند "ئەم وەرزە خراپ بووین، گرنگ نییە بگەینە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا یان سەرکەوین بۆ چامپیۆنزلیگ، راستییەکە ئەوەیە ئەوەی بەهای وەرزێک دیاری دەکات پرێمەرلیگە نەک چامپیۆنزلیگ یان جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، هاوسەنگی ئاستەکانی ناو پرێمەرلیگ گرنگە، خولەکە پڕە لە رکابەری". 
 
ئەم قسانە گوزارشت لە هەستی گواردیۆلا دەکەن دوای وەرزێکی سەخت، چونکە دوای رۆیشتنی هەندێک ئەفسانەی وەک کیڤن دی برۆین هەوڵی بەهێزکردنەوەی پێکهاتەکەی دەدات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی پێپ گواردیۆلا گرێبەستکردنە لەگەڵ دوو یاریزانی ریال مەدرید و دەیەوێت لە رێگەی ئەو دوو یاریزانەوە مان سیتی بنیات بنێتەوە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات گواردیۆلا سەرسامە بەشێوازی یاریکردنی جود بێلینگهام و داوای لە کارگێڕیی مانچێستەر سیتی کردووە مەحاڵیش بکەن بۆ هێنانی بێلینگهام، چونکە دەزانێت کە دەستبەرداربوون لەو یاریزانە ئینگلیزییە لەلایەن ریال مەدریدەوە نزیکە لە مەحاڵ.
 
بەپێی دیفێنسا سێنتڕاڵ، هاوکات لەگەڵ بێلینگهام، گواردیۆلا گرنگییەکی زۆر بە ئیدواردۆ کاماڤینگا دەدات و دەیەوێت پێکەوە لەگەڵ بێلینگهام بیباتە یاریگای ئیتیحاد.
 
ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە یانە ئینگلیزییەکە ئامادەیە 200 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە ریال مەدرید بکات بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ هەردوو یاریزانەکە بکات، بەهای بێلینگهامیان بە 150 ملیۆن یۆرۆ و کاماڤینگاش بە 50 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە.
 
میدیاکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە ئەوم خەونەی پێپ گواردیۆلا پێویستی بە پەرجوویەک هەیە بۆ ئەوەی بێتەدی، چونکە هەڵوێستی یانە مەدریدییەکە کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆک و خۆسێ ئانخێل سانچێزی بەڕێوەبەر سەرکردایەتی دەکەن، زۆر روونە سەبارەت بەو دوو یاریزانە، بەتایبەتی کە هەردووکیشیان چەندینجار خواستی بەهێزی خۆیان بۆ پۆشینی درێسی ریال مەدرید دووپاتکردووەتەوە.