سیستمی چامپیۆنزلیگ جارێکی دیکە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی چەندین گۆڕانکاریی نوێ لە سیستمی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی داهاتوو 2024 - 2025 دەکات.
 
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا)، لێکۆڵینەوە لە هێنانی هەندێک گۆڕانکاری بۆ نێو چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکاتەوە کە پێیوایە دادپەروەریی زیاتر بەهەمووان دەبەخشێت.
 
گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی یۆفا بیری لێدەکاتەوە، لابردنی گێمی زیادکراوە لە یارییەکانی قۆناخی چوونە دەرەوەی دۆڕاو.
 
یۆفا پێیوایە ئەو دوو گێمە زیادکراوە باشترە لاببرێن و لەبری ئەوە، ئەو دوو تیپەی یەکساندەبن، راستەوخۆ پەنا ببەنە بەر لێدانی یەکلاکەرەوە.
 
ئەو گۆڕانکارییەی فیدراسیۆنەکە پێشنیازی کردووە، ئامانج لێی، کەمکردنەوەی گوشاری سەر توانای جەستەیی و ماندووکردنی یاریزانانە، هەروەها بەدەستهێنانی دادپەروەریی زیاترە، چونکە 30 خولەکە زیادکراوەکەی یاریی گەڕانەوەی نێوان دوو تیپی یەکسان، لەسەر یاریگەی یەکێک لە یانەکان دەبێت و ئەوەش دادپەروەریی تێدا نییە.
 
گۆڕانکارییەکی دیکە کە ئێستا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت لەلایەن یۆفاوە، پێدانی پێشینەیە لە ئەنجامدانی یارییەکانی گەڕانەوە لە قۆناخەکانی نیوەی کۆتایی و چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لەسەر یاریگەی ئەو تیپەی لە قۆناخی یەکەمدا ریزبەندییەکەی باشتر بووە.
 
لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا، بارسێلۆنای ئیسپانی رووبەڕووی ئینتەرمیلان دەبێتەوە و ئارسیناڵ بەرامبەر پاریس سانجێرمان یارییدەکات.
 
یارییەکانی گەڕانەوە لە بەریەککەوتنی ئەو چوار یانەیە، لە نێو یاریگەی ئینتەرمیلان و پاریس سانجێرمان دەبن، لە کاتێکدا، بارسێلۆنا و ئارسیناڵ لە ریزبەندی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە، لەپێش ئەو دوو یانەیەوە بوون و پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتبوو.
 
گۆڕانکارییەکی دیکەی پێشبینازکراو بۆ یۆفا، بریتییە لە رێگرتن لە بەریەککەوتنی دوو تیپی یەک وڵات تاوەکو قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، ئەو سیستمەی کە پێشتر کاری پێدەکرا.
 
سیستمی ئەمساڵی پاڵەوانێتییەکە رێگەی دەدا دوو تیپی یەک وڵات، لە قۆناخەکانی پاشکۆی قۆناخی شانزە و چارەکی کۆتاییدا بەریەک بکەون.
 
لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا، پاریس سانجێرمان بەسەر برێستی فەرەنسیدا سەرکەوت، لە کاتێکدا بایرن میونشن و بایرلیڤەرکوزن رووبەڕووی یەکبوونەوە و ریال مەدریدیش، ئاتلێتیکۆ مەدریدی بڕی.
 
یۆفا پێیوایە رووبەڕووبوونەوەی دوو یانەی هەمان وڵات لە قۆناخی زووی چامپیۆنزلیگ، هاندەران بێزار دەکات. هەربۆیە ئەو بەریەککەوتنە قەدەخە دەکات تاوەکو قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.