ڤالڤێردی و مارسیلینیۆ باس لە فایناڵی جامی شا دەکەن
رووداو – هەولێر
پێش دەستپێکردنی یاری بارسێلۆنا و ڤالێنسیا راهێنەرانی هەردوو یانە بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی تایبەت بە یارییەکە کرد، ئێرنستۆ ڤالڤێردی دەڵێت، ڤالێنسیا کێشەمان بۆ درووستدەکات و سەبارەت بە داهاتوی خۆشی دەڵێت، خۆ راهێنەری ریال مەدرید نیم لەگەڵ دۆڕان دوورمبخەنەوە، مارسیلینیۆش دەڵێت پلانم بۆ راگرتنی مێسی دانەناوە، بەڵام لە پاسە وردەکانی دەترسم.
ڤالڤێردی گوتی، هەلێکی باشمان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی بۆ دووەمجار لەسەریەک لە یەک وەرزدا دوو نازناو ببەینەوە، یارییمان بەرامبەر ڤالێنسیا زۆر قورسە، ئەو یانەیە لە خولی نێوخۆییدا پلەیەکی باشی بەدەستهێناوە، هەروەها ئێمە لە هەردوو یاری خولدا نەمانتوانی لێیان ببەینەوە، هەروەها دۆڕانی یانەکەمان بەرامبەر لیڤەرپوولکاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هەبوو، لە رووی دەروونییەوە تێکشکاین، بەڵام زوو بە ئاگا هاتینەوە و ئێستا ئێمە بۆ ئەم یارییە ئامادەین و دەمانەوێت یەکێک لە جامە گرنگەکان بەدەستبهێنین، سەبارەت بە داهاتووی خۆم لە بارسێلۆنا، لەو باوەڕەدانیم داهاتووم پەیوەست بێت بەم یارییەوە، رەنگە ئەوە بۆ مارسیلینیۆی راهێنەری ڤالێنسیا وابێت، یان لە ریال مەدرید چونکە ئەوان لە وەرزێکدا سێ راهێنەریان گۆڕی.
مارسیلینیۆی راهێنەری ڤالێنسیاش بۆ یارییەکە گوتی، لە رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا لە خولی ئیسپانیای ئەم وەرزەوە ئێمە هەموو خاڵێکی لاواز و بەهێزی بارسێلۆنا دەزانین، هەوڵدەدەین وانە لە هەڵەکانی رابردوومان وەربگرین، هیوادارم هەموو شتەکان باشبێت و لە بارسێلۆنا ببەینەوە، ئێمە پلانەکانی ئەوان تا رادەیەکی زۆر دەزانین، هێرشەکانی ئەوان لە مێسییەوە دەستپێدەکات، پلانی تایبەتمان نییە بۆ راگرتنی مێسی، من مەترسی مێسی زیاتر لە پاسە وردەکانیدا دەبینم، کە لە نێو بەرگریکاراندا تێی دەپەڕێنێت.