ئالێگری دەبێتە شوێنگرەوەی نیکۆ کۆڤاچ
رووداو-هەولێر
ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری ئیتاڵی، لەلایەن یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە داواکراوە.
رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، یانەی بایرن میونشن ناهێڵێت ئالێگری پشووبدات و دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستەکەی یەکلاییبکاتەوە و بیکاتە راهێنەری یانەکەی.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بایرن دەستبەرداری نیکۆ کۆڤاچ دەبێت و ئالێگری دەکاتە شوێنگرەوەی.
بایرن ئامادەیە هەموو داواکارییەکانی ئالێگری جێبەجێبکات و چەند یاریزانێکیش بگوازێتەوە یانەکەی.
جگە لە بایرن میونشن ناوی چەند یانەیەکی دیکەش هاتووە کە بۆ ئالێگری لەسەر هێڵن، ئەوانیش پاریس سانجێرمان و ریال مەدریدن.