دهۆک یەکەم یاریی لە دوای رۆیشتنی مەسعود میراڵ ئەنجامدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک یەکەم یاریی لە دوای رۆیشتنی مەسعود میراڵ لە یانەکەی ئەنجامدەدات و لە یارییەکی دواخراوی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەرامبەر یانەی شورتە یاری دەکات.
 
یارییەکە لە گەڕی 21ـی خولەکەدا دواخرابوو، ئەمڕۆ لە یاریگەی دهۆک ئەنجامدەدرێت و هەردوولا رکابەری لەسەر باشترکردنی دۆخی خۆیان دەکەن لە ریزبەندی خولەکەدا، شورتە دەیەوێت زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە نزیکببێتەوە و دهۆکیش چاوی لە گەیشتنە بە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەی عێراق.
 
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا هەریەکە لە هاروون ئەحمەد و زانا عەلی دەگەڕێنەوە نێو پێکهاتەی دهۆک و بۆ یارییەکە ئامادەن، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانیانەوە بەشدارییان لە یارییەکەدا نەکرد.
 
ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کاتی ستیفانۆس ئاناگنوستۆ، یاریدەدەری مەسعود میراڵ، لەسەر هێڵی یاریگە دەبێت و راهێنەرایەتی یانەی دهۆک دەکات.
 
لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا دهۆک تەنیا سێ یاریی لە کۆی 14 یاری بەرامبەر شورتە بردووەتەوە، ئەمڕۆ دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە.
 
بەر لە یارییەکە یانەی دهۆک راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بۆ ئەوەی نەکەوینە بەر سزای نەخوازراو، ئەم کارانە مەکەن، خۆتان دووربگرن لە توندوتیژی و هاوێشتنی دەبەی ئاو، کەلوپەلی دیکە بۆ نێو یاریگە بۆ ئەوەی یارییەکە رانەگیرێت و پێویستە هەمومان هاوکاربین بۆ پاراستنی ئاسایشی یارییەکە."
 
یانەی دهۆک دەڵێت "داوا دەکەین لە یارییەکەدا یاریی ئاگرین و سمۆک هەڵنەکرێن، چونکە قەدەیە و ئەوانەشی خاوەنی بلیتی ڤی ئای پین، تکایە منداڵ لەگەڵ خۆیان نەبەنە یاریگە، چونکە شوێنی کەسانی دیکە دەگرن، جگە لەوەش هاتنی هەموو کەسێک بۆ نێو یاریگە و رێڕەوی جلگۆڕینی یاریزانان قەدەخەیە."
 
یانەی دهۆک داوا لە هاندەرانی دەکات، پێشوازی لە هاندەرانی تیپی میوان بکەن و رووی گەشی پارێزگای دهۆک پێشانبدەن.