یۆرگن کڵۆپ: کاتێک گوێم لە هاواری هاندەران بوو لە دژی ئارنۆڵد، تەلەڤیزیۆنەکەم کوژاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی رایگەیاند، تەلەڤیزیۆنەکەی کوژاندووەتەوە، کاتێک بینیویەتی هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول، لە دژی ترێنت ئەلیکساندەر ئارنۆڵد هاوار دەکەن.
رووداوەکە لە یاریی نێوان لیڤەرپوول و ئارسیناڵ روویدا کە بەیەکسانبوون 2 - 2 کۆتایی هات، ئەوەش پاشئەوەی ئارنۆڵد رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاند.
پێشتر ئارنۆڵد لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رۆیشتنی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا لە یانەکەی راگەیاندبوو، لە کاتێکدا سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە ئەو لە رۆژانی داهاتوودا پەیوەندی بەیانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە دەکات.
کڵۆپ کە لەماوەی راهێنەرایەتیکردنی یانەی لیڤەرپوولدا، پەرەی زۆری بەتواناکانی ئارنۆڵددا، لە کۆبوونەوەیەکی دەزگای خێرخوازیی لیڤەرپوول، باسی لە حاڵەتەکەی ئارنۆڵد کرد و گوتی، "یارییەکەم بینی کاتێک ئەو هاتە نێو یاریگەوە، گوێم لە هاواری هاندەران بوو لە دژی".
هەروەها گوتی، "من بەتەمەنداچووم، پێموابوو کێشە لە گوێیەکانمدا هەیە، هەربۆیە دەنگی تەلەڤیزیۆنەکەم بەرزکردەوە، بەڵام چەند چرکەیەکی ویست تاوەکو لەوە تێگەیشتم کە هاندەرانی یانەکە قسە بە ئارنۆڵد دەڵێن، هەربۆیە دەستبەجێ تەلەڤیزیۆنەکەم کوژاندەوە.. راشکاوانە بڵێم، هەستم بەبێئومێدییەکی گەورە کرد> چونکە ئەوە شێواز و هەڵسوکەوتی ئێمە نییە".
ئارنۆڵدی 26 ساڵ، لە شەش ساڵییەوە لە ئەکادیمیای لیڤەرپوول پێگەیشتووە، ساڵی 2004 پەیوەندی بەئەکادیمیای یانەکەوە کرددووە. ئەو بەیەکێک لە باشترین یاریزانانی باڵی راستی بەرگری لە جیهاندا دادەنرێت کە توانای یارییکردن لە ناوەڕاستیشی هەیە.
ئەلیکساندەر ئارنۆڵد بەشداری لە 353 یاریی لەگەڵ یانەکەدا ئەنجامداوە و نازناوەکانی پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگ و مۆندیالی یانەکانی بەدەستهێناوە.
راهێنەرەکەی پێشووی لیڤەرپوول، درێسێکی ئارنۆڵدی بەرزکردەوە وەک پشتگیری بۆ ئەو یاریزانە و هانی ئامادەبووانیدا لەبیری نەکەن ئەو چی بۆ یانەکە کردووە، پێیگوتن، "پێتان ناڵێم کە نابێ بێئومێد بن، نابێ تووڕەبن، پێتان دەڵێم لەبیری مەکەن، ئەو چی بۆ یانەکە کردووە".
هەروەها دەڵێ، "ئەو هەموو رۆژێک ئەوپەڕی توانای خۆی خەرجکرد لەپێناو دروشمی یانەکە، دوای 20 ساڵ، ئینجا بڕیاریدا بچێتە شوێنێکی دیکە، ئەگەر کەسێک هەبێت پێویست بکات لەو شتە تووڕە بێت، خاوەنەکانی یانەکەن، لە کاتێکدا ئەوان تووڕەنین".
ئارنۆڵد لە رۆژانی داهاتوودا بەفەرمی دەبێتە یاریزانی ریال مەدرید، پاشئەوەی رازینەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێبکاتەوە و بڕیاری رۆیشتنی لە یانەکەیدا.