ئێمباپێ لەبەردەم شکاندنی ریکۆرددا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بۆ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا لاپچینی زێڕ بۆ باشترین گۆڵکاری خولە گەورەکانی ئەورووپا بباتەوە.
ئەمڕۆ ئێوارە یانەی ریال مەدرید دوایین یاریی خۆی لە لالیگادا ئەنجامدەدات و میوانداریی یانەی ریال سۆسیداد دەکات، کیلیان ئێمباپێ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە و 29 گۆڵی تۆمارکردووە، یاریزانەکە بە تۆمارکردنی گۆڵێکی دیکە بەتەواوی لە بردنەوەی خەڵاتی گۆڵکاری خولە گەورەکانی ئەورووپا نزیکدەبێتەوە، بەتایبەت کە بە خاڵ پێش ڤیکتۆر یۆکێرێش، هێرشبەری سپۆرتینگ لیسبۆنە دەکەوێت و بە دوو گۆڵیش پێش محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول دەکەوێت.
جگە لەوە یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە هەلێکی گرنگە بۆ ئەوەی چەند ریکۆردێکی دیکە تۆماربکات.
• خاوەنی 29 گۆڵە و یەک گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەو یاریزانە فەرەنسییەی زۆرترین گۆڵی لە یەک وەرزدا لە لالیگادا تۆمارکردبێت.
• خاوەنی 29 گۆڵە و پێویستە گۆڵێکی دیکە تۆمار بکات بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیدا خەڵاتی لاپچینی زێڕین بەدەستبهێنێت. سەڵاح بە گۆڵێک لەدوای خۆیەوەیە و پێویستی بەوەیە گۆڵێکی لە ئێمباپێ زیاتربێت.
• تا ئێستا لەم وەرزەدا خاوەنی 41 گۆڵە و سێ گۆڵی ماوە بۆ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی خۆی کە لە وەرزی رابردوودا 44 گۆڵی تۆمارکردبوو (ئەو چانسی شکاندنی ئەم ڕیکۆردەی هەیە لە جامی جیهانی یانەکاندا).
• کیلیان ئێمباپێ تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی گشتی 41 گۆڵی بۆ ریال مەدرید تۆمارکردووە و لە هەموو یارییەکانی کۆتاییدا بەدرێسی ریال مەدریدەوە گۆڵی تۆمارکردووە.
ریال مەدرید لەم وەرزەدا وەرزێکی خراپی پێشکێشکرد و هیچ نازناوێکی نەبردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کیلیان ئێمباپێ لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەکە ئاستێکی باشی هەبوو و توانیی ببێتە گۆڵکاری خولی ئیسپانیا.