ئەڵۆنسۆ داوای دوژمنی ڤینیسیۆس لە پێرێز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ بەبڕیارێک هەمووان لە ریال مەدرید سەرسام دەکات و داوادەکات فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ئەو یانەیە گرێبەست لەگەڵ دوژمنەکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بکات!
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا هێڵی ناوەڕاستی خۆی بەهێزتر بکات، لەسەر داوای راستەوخۆی راهێنەری داهاتووی چابی ئەلۆنسۆ.
ئەم هەنگاوەی ریال مەدرید دوای ئەوە دێت کە لۆکا مۆدریچی کرواتی لە 22ـی ئایاری 2025 رۆیشتنی لە یانەکە پشتڕاستکردەوە و لە هاوینی 2024 تۆنی کرووسی ئەڵمانییش رۆیشتبوو.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەلۆنسۆ داوای لە ریال مەدرید کردووە رۆدری ئەستێرەی مانچێستەر سیتی یان یاریزانێکی ناوەڕاستی هاوشێوەی ئەو بگوازێتەوە، چونکە پێیوایە تیپەکە پێویستی بەیاریزانێکە کە بتوانێت رۆڵی بەرگری و رێکخراوەیی لەهێڵی ناوەڕاستدا ئەنجام بدات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لۆس بلانکۆس ئامادەیە بڕێکی بەرچاو پارە خەرج بکات بۆ گواستنەوەی یاریزانێک کە سیفەتی تەکنیکی و جەستەیی بەرزی هەبێت بۆ بەهێزکردنی پڕۆژە نوێیەکەی تیپەکە، بەتایبەتی دوای گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی.
کارگێڕیی ریال مەدرید هەوڵدەدات زوو داواکارییەکانی ئەلۆنسۆ جێبەجێ بکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی بەهێزی وەرزی نوێ و دابینکردنی هەموو توخمە پێویستەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی راهێنەری ئیسپانیا بگونجێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز بیرۆکەی گواستنەوەی رۆدری بەدڵە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت شتەکان چۆن بەڕێوەدەچن دوای گەڕانەوەی ئەستێرەی مانچێستەر سیتی لە پێکانێکی درێژخایەن، ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ باشترین ئاستی خۆی، دەستبەجێ دەست بە دانوستاندەکان دەکات بۆ گواستنەوەی لە ریال مەدرید.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بیرۆکەی گواستنەوەی رۆدری ئەستێرەی بەرازیلی ڤینیسیۆس جونیۆری تووڕە کردووە و پێیوایە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە ئیسپانییە یەکسانە بە راگەیاندنی رۆشتنی لە ریال مەدرید ئەگەر رووبدات.
رۆدری خەڵاتی باڵۆندۆری بۆ وەرزی 2024 بردەوە، لەکاتێکدا تاوەکو دواساتەکان هەمووان لەو بڕوایەدا بوون کە ڤینیسیۆس جونیۆر براوەی خەڵاتەکە دەبێت. ئەمەش ڤینیسیۆس و ریال مەدریدی تووڕە کرد و بڕیاری بایکۆتی ئاهەنگی خەڵاتەکە بکەن.