بادین حەسۆ پشتێنێکی نێودەوڵەتیی بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بادین حەسۆ زۆزانی، ئەستێرەی کورد لە یاریی کیک بۆکسینگدا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و پشتێنی (WBC)ـی بردەوە.
 
لە ئوبەرهاوسنی ئەڵمانیا، بادین حەسۆ، بەرامبەر ڤیکتۆر ڤیسێنتی کۆریای مەکسیکی یارییکرد و جارێکی دیکە توانا و ئاستبەرزیی خۆی لە یارییەکەدا دووپاتکردەوە و بووەوە پاڵەوان.
 
پێش دەستپێکردنی یارییەکە، بادین لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە داوای پاڵپشتیی لە هەموو کوردێک کرد، کاتێک چووە نێو گۆڕەپان وەکو هەمیشە بە جلوبەرگێکی تایبەت کە بە ئاڵای کوردستانەوە نەخشێنرابوو دەرکەوت.
 
بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە هۆڵەکەدا و گوتنەوەی سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب، ورەی بۆکسێنەرە کوردستانییەکە زیاتر و زیاتر بەرزکردەوە.
 
یارییەکە دەستیپێکرد، بادین حەسۆ بەهێزەوە رووبەڕووی رکابەرەکەی بووەوە، بۆکسەکانی بۆکسێنەرە کوردستانییەکە هێندە بەهێزبوون، یاریزانە مەکسیکییەکە نەیتوانی سێ خولەکیش خۆی رابگرێت و بادین یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
لەگەڵ بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی پشتێنەکە، دەنگی دەهۆڵ و زۆڕنا هۆڵەکەی پڕکرد، هەمووان بە ناوی یاریزانەکەوە هاواریان دەکرد، ناوبژیوان دەستی بادین حەسۆی بەرزکردەوە و بۆکسێنەرەکەی شێخانی باشووری کوردستان بووە پاڵەوان و دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بردەوە.
 
بادین حەسۆ 23 یاریی بۆکسێنی کردووە، سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
دوای یارییەکە و بەدەستهێنانی ئەو پشتێنە، بادین حەسۆ قسەی بۆ رووداو کرد و دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی یارییەکە پێشاندا، گوتی "ئەم قایشە پێشکێشە بە سەرۆک بارزانی، هەموو پێشمەرگە و ماڵباتی شەهیدان، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پاڵپشتییان کردم لە یارییەکەدا".