کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئێران بۆ مۆندیال، لە ئەمریکاوە گواسترایەوە مەکسیک
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئێران لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، کەمپی مەشقی بەر لە مۆندیالی لە ئەمریکاوە گواستووەتەوە مەکسیک، پاشئەوە رەزامەندیی فیفای بۆ ئەو گواستنەوەیە وەرگرتووە.
وێڕای بڵاوکراوەکەی هەڵبژاردەی ئێران، هێشتا فیفا بەفەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە.
بڕیاربوو هەڵبژاردەی ئێران لە شاری توسانی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا کەمپی مەشقەکەی دەستپێبکات، بەڵام هەرزوو، بەهۆی بارودۆخی شەڕی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و مەترسیی ئاسایش، کردنەوەی کەمپەکە لەو شوێنەی بڕیاربوو، کەوتە ژێر پرسیارەوە.
هەڵبژاردەی ئێران، ئاشکرایکردووە بارەگای مەشقەکانی لە شاری تیخوانای مەکسیک دەبێت کە شارێکە راستەوخۆ لەسەر سنووری نێوان مەکسیک و ئەمریکایە.
لەو بڵاوکراوەیەی میدیاکان دەڵێن، هەڵبژاردەی ئێران بڵاویکردووەتەوە هاتووە، مەهدی تاجی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران دەڵێ، "دەبێ شوێنی هەموو کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکان بۆ مۆندیال، رەزامەندیی فیفا بەدەست بهێنێت".
تاج هەروەها دەڵێ، "خۆخشبەختانە، دوای پێشکێشکردنی داواکاریی و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی فیفا و لیژنەی رێکخەری مۆندیال لە ئیستەنبووڵ، ئەمە جیا لە کۆبوونەوەی ئۆنلاین لە تارانەوە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی فیفا، رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەمان درا، بەگواستنەوەی شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەکە لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک".
پێشتر هەڵبژاردەی ئێران داوایکردبوو سەرجەم یارییەکانی لە مۆندیالی 2026 کە هەریەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن، لە ئەمریکاوە بگوازرێتەوە مەکسیک، بەڵام فیفا رێگەی بەو گواستنەوەیە نەدا.
هەڵبژاردەی ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمی مۆندیال یارییدەکات، رووبەڕووی هەڵبژاردەی نیوزیلاند دەبێتەوە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لە رۆژی 15ی 6، دواتر لەسەر هەمان یاریگا بەرامبەر بەلجیکا یارییدەکات پاش شەش رۆژ، دوایین یارییشی لە قۆناخی کۆمەڵەکان رۆژی 26ی مانگ بەرامبەر میسر لە شاری سیاتلی ئەمریکا ئەنجامدەدات.
هەڵبژاردەی ئێران، بۆ چوارەم جاری لەسەریەک و حەوتەم لە مێژوویدا بەشداریی لە مۆندیالدا دەکات، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە قۆناخی کۆمەڵەکان تێپەڕێنێت.
یەکێتیی تۆپی پێی ئێران رایگەیاندووە، گواستنەوەی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە، کێشەی پێدان و پێنەدانی ڤیزا بە ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە چارەسەر دەکات، چونکە تیپەکە دەتوانێت لە مەکسیکەوە بچێتە نێو ئەمریکاوە.
تاج هەروەها دەڵێ، ئەگەر هەیە هەڵبژاردەکە بتوانێت هەر بە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئێران، لە مەکسیکەوە گەشتەکانی بۆ ئەمریکا بکات و بگەڕێتەوە بۆ مەکسیک.
شاندی هەڵبژاردەی ئێران کە زیاتر لە هەفتەیەکە لە تورکیایە بەرلەوەی بەرەو وڵاتانی میوانداریکەری مۆندیال بەڕێبکەوێت، یاریزانەکانی لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە، چوونە کونسوڵخانەی ئەمریکا، بۆ داواکردنی ڤیزا.