ریال مەدرید ماڵئاوایی لە دوو ئەستێرەی دیکەی یانەکەی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید ماڵئاوایی لە ئەفسانەیەکی دیکەی تیپەکەی کرد، دانی کارڤاخاڵ، بەرگریکارە مێژووییەکەی ئیسپانیا و ریال مەدرید دوای 23 ساڵ خزمەتکردن بەدرێسی ریال مەدریدەوە ماڵئاواییکرد.
 
ئەستێرە ئیسپانییەکە لە 2002 لە تیپی لاوانەوە دەستیپێکرد، دواتر چووەتە تیپی دووەمی ریال مەدرید، وەرزێک لە 2012 چووە لیڤەرکوزن بۆ پێشخستنی ئاستی و دواتر بەدرێسی سپی ریال مەدریدەوە گەیشتە لووتکە.
 
لە ماوەی یارییکردنیدا بەدرێسی یانەی شاهانەوە 26 نازناوی جیاوازی لەگەڵ ریال مەدرید بردەوە.
 
ئەو یەکێکە لەو یاریزانانەی خاوەنی زۆرترین نازناوی چامپیۆنزلیگە و 6 جار بەدرێسی یانەی شاهانەوە بووەتە پاڵەوان.
 
دەیڤد ئالابا 5 ساڵ لە ریال مەدرید یارییکرد، بەڵام بووە یاریزانێک بۆ هەمیشە لەبیرکردنەوە و مێژووی ریال مەدریددا دەمێنێت.
 
ئەو یاریزانە نەمساییە لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو دوایین یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامدا و ماڵئاوایی لە یانەکە کرد.
 
چیرۆکی ئەلبا لەگەڵ ریال مەدرید لە ساڵی 2022 دوای بردنەوەیان لە پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا بە کورسییەکەوە ئاهەنگی گێڕا، ئەو کورسییە بووە ترێند و دواتر ئەلبا گوتی "باشە جار جار ئاهەنگی نوێ تاقیبکەیتەوە. کورسییەکە بۆ ئەو هەستە زۆرباشبوو، هەرچەند بیرم لێی نەکردبووەوە".
 
هاندەرانی ریال مەدرید بە کورسییەوە ماڵئاواییان لەو یاریزانە کرد.
 
هاندەرانی ریال مەدرید شەوێکی تێکەڵیان لە هەستی خۆش و ناخۆش بەڕێکرد، دڵخۆشبوون بەبردنەوەی تیپەکەیان لە دوایین یاریی ئەم وەرزەی لالیگادا، سەرەڕای ئەوەی یانەکە لەم وەرزەدا هیچ نازناوێکی نەبردەوە، دڵتەنگ بوون بە ماڵئاواییکردنی دوو ئەستێرە کە ئیدی بەدرێسی یانەی شاهانەوە نابینرێن.