ئیبۆلا هەڕەشە لە مۆندیال دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات فیفا نەخۆشیی ئیبۆلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نێو ئامادەکارییە خێرا و بەردەوامەکانی مۆندیالی داهاتوودا، ئیبۆلا و ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە، نوێترین هەڕەشەیە بۆ سەر پاڵەوانێتییە جیهانییەکەی هاوینی ئەمساڵ.
 
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات ناچارە، بۆ ماوەی 21 رۆژ خۆی کەرەنتین بکات، ئەگەر بیەوێت بێتە نێو خاکی ئەمریکاوە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی ئەمساڵ.
 
بڕیارەکەی کۆشکی سپی، بۆ پاراستنە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا.
 
ئاندرۆ جولیانی، سەرۆکی لیژنەی مۆندیال لە کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، "بابەتەکەمان بۆ کۆنگۆ روونکردەوە، ئەوان دەبێ ماوەی 21 رۆژی تەواو لە کەرەنتیندابن، ئەگەر دەیانەوێت رۆژی 11ی مانگ لە هیوستن بن".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەگەر یاریزانی نوێ بچنە نێو کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەوە، دەبێ ئەوان بەتەنیا کەرەنتینە 21 رۆژییەکە تەواو بکەن، بەرلەوەی بێنە ئەمریکا".
 
نوێنەرەکەی کۆشکی سپی، بەتووندی هۆشداریی داوەتە کۆنگۆییەکان و دەڵێ، "ئەگەر بگەنە ئێرە و هەر یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەیان نەخۆشییەکەی تێدا دەربکەوێت، کۆی بەشداریی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە".
 
جولیانی دەڵێ، "کۆشکی سپی هانی هەڵبژاردەکە دەدات، بۆ پاراستنی یاریزانەکانی لە ئەگەری بەرکەوتن و تووشبوون بەڤایرۆسەکە، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی ئەوان و دڵنیابوونەوە لە بەشداریکردنیان لە مۆندیال".

 

ئیبۆلا، پەتایەکی ڤایرۆسیی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی تای خوێنبەربوون. لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لە چەند هەفتەی رابردوودا، جۆری نوێی ڤایرۆسی نەخۆشییەکە لە وڵاتانی وەک کۆنگۆی دیموکرات و ئۆگەندا بڵاوبووەتەوە.

هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات، لە مۆندیالی داهاتوو کەمپی یەکەمی مەشقی خۆی لە شاری هیوستنی ویلایەتی تێکساس دەکاتەوە. 
 
هەڵبژاردەکە لە کۆمەڵەی یانزەی پاڵەوانێتییەکە دەبێت و رۆژی 17ی مانگی داهاتوو، لەوێ رووبەڕووی پۆرتوگال دەبێتەوە. دواتر رۆژی 23ی مانگ بەرامبەر کۆڵۆمبیا یارییدەکات، بەرلەوەی دوای چوار رۆژ، لە گوادالاخاری مەکسیک، بەرامبەر ئۆزباکستان یاریی بکات.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهان، هۆشدارییەکی تووندی نێودەوڵەتیی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ جاری حەڤدەیەم لە رۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، راگەیاندووە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهان، "مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە زۆر بەرز ناودەبات، لەسەر ئاستی نیشتمانیی وڵاتەکە"، پاشئەوەی 170 گیانلەدەستدان لە کۆنگۆ بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە تۆمارکران، لە وڵاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە، "پەتاکە زۆر بەخێرایی تێیدا بڵاودەبێتەوە".
 
بۆ رێگرتن لەو بڵاوبوونەوە خێرایەی نەخۆشییەکە، واشنتن رێوشوێنە تەندروستییەکانی لەسەر سنوورەکان و فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە تووندتر کردووە، رێگەنادات ئەو کەسانەی لەماوەی 21 رۆژی رابردوودا سەردانی ئۆگەندا، کۆنگۆی دیموکرات و سوودانی باشوریان کردووە، بچنە نێو خاکەکەیەوە.
 
وێڕای ئەوەش، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، هەڵبژاردەی کۆنگۆ لە ئەورووپایە و بەوەش لە چوونە نێو خاکی ئەمریکا، بێبەش ناکرێت.
 
لە پێنجشەممەی رابردووەوە، هەموو ئەوانەی لەماوەی رابردوودا سەردانی ئەو وڵاتانەیان کردووە کە ئیبۆلای تێدا بڵاوبووەتەوە، یان نزیکن لێیانەوە، کاتێک دەگەنە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا، رووبەڕووی پشکنینی تووند دەبنەوە. ئەم رێوشوێنە، ئەو ئەمریکیانەش دەگرێتەوە کە لەو وڵاتانەوە، دەگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان.
 
ساتیچ پیلای، بەرپرسی دۆسێی ئیبۆلا لە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان و خۆپاراستن لە ئەمریکا رایگەیاندووە، "لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی ئەنجامدانی مۆندیالێکی تەندروست و پارێزراو بۆ وەرزشوانان و سەردانکەرانیش".
 
ئەو بەرپرسە دووپاتیکردووەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بەشێکە لە پرۆسەی دابینکردنی سەلامەتیی تەندروستی بۆ یاریزانان و هاندەران لە کاتی مۆندیالدا.
 
مۆندیالی ئەمساڵ، کە هەریەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن، بڕیارە رۆژی 11ی مانگی شەش، بەڕووبەڕووبوونەوەی نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور لە مەکسیکۆ سیتی دەستپێبکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە