چاوەکان لەسەر ئامەدن؛ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئامەدسپۆر رۆژی دووشەممە رادەگەیێندرێ

 
رووداو دیجیتاڵ

لەنێو یانەی ئامەدسپۆر کە ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار سەرکەوت بۆ سوپەرلیگی تورکیا، گفتوگۆکان لەسەر ئاشکراکردنی بەربژێری سەرۆکی نوێ کۆتاییان هات و ئێستا چاوەکان لەسەر ئاشکراکردنی ناوی کەسەکەن. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بە رووداوی راگەیاند، خۆی بەربژێر نییە و ناوی بەربژێرەکەش رۆژی دووشەممە بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێ.
 
چاوەڕوان دەکرێ دەستەی راوێژکاریی ئامەدسپۆر رۆژی دووشەممە ناوی بەربژێرەکە ئاشکرا بکات. یانەکە خۆی ئامادە دەکات لە 1ی حوزەیراندا کۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستێت. پێش کۆنگرەکە، ملیۆنان هاندەری یانەکە چاوەڕێی زانینی بەربژێری دەیەمین سەرۆکی یانەکەیانن.
 
پێشتر لەگەڵ محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، ناوی مەتین کلاوز، نەسیح ئەکتەپە، ئەرجان تایلانماک، ناهیت ئەرەن و عەزیز ئەلالدی بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتیی یانەکە دەهێنرا.
 
بەڵام محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، ئەمڕۆ یەکشەممە (24ی ئایاری 2026) بۆ رووداو ئاشکرای کرد کە ئەو بەربژێر نییە.
 
 کایا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کێبڕکێکە زیاتر لەنێوان ناهیت ئەرەن، سەرۆکی ئێستای یانەکە و ئەرجان تایلانماک و دوو کەسی دیکەیە.
 
کایا باسی لەوەش کرد کە ناوی بەربژێرەکە ئەمشەو یەکلایی دەبێتەوە و رۆژی دووشەممە دەوروبەری کاژێر 13:00 لە رێگەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییەوە رادەگەیێندرێ.
 
کۆنگرەی ئامەدسپۆر رۆژی 1ی حوزەیران کاژێر 18:00 لە ناوەندی کولتووریی "سەزای کاراکۆچ" لە قەزای یەنی شەهری ئامەد بەڕێوەدەچێ و پلانەکە ئەوەیە لەو کۆنگرەیەدا بەربژێری راگەیێندراو بە سەرۆک هەڵبژێردرێ. 
 
لەم کۆنگرەیەدا 250 ئەندام مافی دەنگدانیان هەیە. پێشبینی دەکرێ هەڵبژاردنەکە بە "لیستێکی یەکگرتوو" بێت و بەو شێوەیە سەرۆکی نوێی ئامەدسپۆر دیاری بکرێ.