رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی فەرەنسا هەواڵێکی نائومێدکەر سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەشرەف حەکیمی و عوسمان دێمبێلێ لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بڵاودەکاتەوە.
بەشدارییکردنی ئەشرەف حەکیمی مەغریبی و عوسمان دێمبێلێ فەرەنسی، بەشێوەی سەرەکی بەرامبەر ئارسیناڵ لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کەوتووەتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یارییەکی دۆستانەی ناوخۆیی تیپەکەدا کە دوێنێ شەممە بۆ ئامادەکاری ئەو یارییە ئەنجامدرا، ئامادە نەبوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، پاریس سانجێرمان یارییەکی دۆستانەی ناوخۆیی ئەنجامداوە بۆ پاراستنی ئامادەیی جەستەیی یاریزانەکان پێش یاریی کۆتایی، بەڵام هەردوو یاریزان عوسمان دێمبێلێ و ئەشرەف حەکیمی بەشدارییان لە یارییەکەدا نەکردوووە.
دێمبێلێ لەم هەفتەیەدا لە لێدوانێکیدا بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن جەختی کردەوە کە بەڕێژەی 100٪ ئامادە دەبێت بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ، کە رۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گەشبینییەک لە ناو پاریس سانجێرماندا هەیە سەبارەت بە ئامادەیی دێمبێلێ، بەڵام ئەگەر تاوەکو رۆژی سێشەممەی داهاتوو نەگەڕێتەوە بۆ مەشقە بەکۆمەڵەکان، گومانەکان لەسەر توانای ئەو بۆ دەستپێکردن بەشێوەی سەرەکی زیاد دەکەن.
لیکیپ روونیکردووەتەوە کە گومانەکان سەبارەت بە توانای حەکیمی بۆ بوون لە پێکهاتەی سەرەکی بەرامبەر ئارسیناڵ گەورەترن، بەتایبەت کە یاریزانە مەغریبییەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر لە دێمبێلێ دابڕاوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی بەرامبەر بایرن میونشن تووشی پێکان بوو لە رانیدا.
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێت یارییەکەی ئارسیناڵ زۆر زوو بێت بۆ حەکیمی، ئەمەش وا دەکات ئەو ئەستێرە مەغریبییە تەنیا بە بوون لەسەر کورسی یەدەگ رازی بێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پێشبینی دەکرێت لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی حەکیمی، پاریس سانجێرمان پشت بە وارن زائیر ئیمری ببەستێت لە شوێنی بەرگریکاری باڵای راست، و فابیان رویزیش لە هێڵی ناوەڕاستدا یاری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ