لیستی رەشی جۆزێ مۆرینیۆ ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی لە گفتوگۆدایە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە دەستبەرداری 10 یاریزانی یانەکە ببێت. مۆرینیۆ مەرجی قورسی بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە داناوە و دەیەوێت بەبێ دەستوەردانی یاریزانان کارەکانی ئەنجام بدات.
میدیای ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ئێستای ریال مەدرید لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە جێدەهێڵێت، ئەمەش رێگەی بۆ گەڕانەوەی مۆرینیۆ خۆشکردووە. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لیستی ئەو یاریزانانەی دیاریکردووە لای ئەو جێگەیان نابێتەوە، کە ناوی چەندین ئەستێرەی گەورەی تێدایە.
یەکەم دوو یاریزان بڕیاری رۆیشتنیان دراوە، دانی کارڤاخال و داڤید ئالابان، گرێبەستەکانیان لە مانگی شەش کۆتایی دێت و نوێ ناکرێتەوە و لە دوایین یارییشدا رۆیشتنیان راگەیێنرا و رێزیان لێگیرا. مۆرینیۆ رەزامەندی لەسەر رۆیشتنی ئاندرێ لونین، فران گارسیا، فێرلاند مێندی، دانی سێبایۆس و گۆنزالۆ گارسیاش دەربڕیوە. فێرلان مێندی بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانی ماسوولکەی قاچی راستی، لە پلانەکانی مۆرینیۆدا نییە.
سەرسوڕهێنەرترین ناو لە لیستەکەدا، ڤینیسیۆس جۆنیۆرە. ئەو یاریزانە تەمەن 25 ساڵە سەرەڕای تۆمارکردنی 22 گۆڵ لەم وەرزەدا، بەهۆی رێکنەکەوتنی لەسەر گرێبەستە نوێیەکەی ئەگەری فرۆشتنی زۆرە. گرێبەستەکەی ڤینیسیۆس هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت و مۆرینیۆ نایەوێت یاریزانێک لە تیپەکەیدا بێت داهاتووی دیار نەبێت. هەروەها ئیدواردۆ کاماڤینگا کە جێگەی بایەخی یانەکانی مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوولە، ناوی لە لیستی فرۆشتندایە.
فێدێریکۆ ڤاڵڤێردیش یەکێکی دیکەیە لەو ناوانەی مۆرینیۆ ئامادەیە دەستبەرداری ببێت. ڤاڵڤێردی دوای تووشبوونی بە پێکانێکی سەخت لە سەریدا بەهۆی کێشەیەکی نێو مەشقەکان لەگەڵ ئۆریلیان چوامینی، هێشتا بەتەواوی نەگەڕاوەتەوە سەر ئاستی جاران. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت سەرلەنوێ پێکهاتەی یانەکە رێکبخاتەوە و ئەو یاریزانانە بهێڵێتەوە کە بەتەواوی لەژێر فەرمانی ئەودا دەبن.
ریال مەدرید لەم وەرزەدا گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینیوە و هەڵبەز و دابەزی زۆر لە ئاستی یانەکە بەدیکراوە کە ئەمە بۆ یانەیەکی وەک ریال مەدرید قابیلی قبووڵ نییە، دوای ئەوەی چابی ئەلۆنسۆ یانەکەی جێهێشت و ئەربێلوا پۆستەکەی وەرگرت، ئێستا یانە مەدریدییەکە دەیەوێت بە گەڕانەوەی مۆرینیۆ سەقامگیری بۆ تیپەکە بگێڕێتەوە.