تەنیا سێ ئەفسەری بەریتانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەبن لە مۆندیال
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، سوپرایزێکی پەیوەست بەهەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیال ئاشکرابووە و دەرکەوتووە، تەنیا سێ ئەفسەری بەریتانی یاوەری شاندی هەڵبژاردەکە دەبن لە مۆندیالی داهاتوو.
میدیاکان دەڵێن، ئەو بڕیارە مشتومڕی زۆری دروستکردووە، چونکە شاندی هەڵبژاردەکە لەکاتی یۆرۆی 2024دا کۆی 40 ئەفسەری بەریتانییان لەگەڵدا بووە، کە بۆ پاراستنی ئەوان و راوێژ لەگەڵیان، چووبوونە ئەڵمانیا.
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل' دەڵێ، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا پێشبینی چوونی 10 تاوەکو 15 هەزار هاندەری ئینگلیزی دەکەن بۆ هاندانی هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیالی داهاتوو، ئەمە جیا لە هەزار کەس لە کەسوکار و هاوڕێی یاریزانان و رۆژنامەوانان، کەچی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا تەنیا سێ ئەفسەریان دەستنیشانکردووە بۆ یاوەریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکە.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، بڕیاری یاوەریکردنی هەڵبژاردەکە و هاندەرەکانی لەلایەن تەنیا سێ ئەفسەرەوە، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا، بڕیاریداوە تێچووی گەشتی پۆلیسە بەریتانییەکان لە ئەستۆ نەگرێت، لە کاتێکدا وڵاتانی پێشووی میوانداریکەری پاڵەوانێتییەکە، وەک ئەڵمانیا، قەتەر و رووسیا، تێچووی گەشتی ئەو ئەفسەر و پۆلیسە بەریتانییانەیان لە ئەستۆ دەگرت، کە یاوەریی هاندەرانیش دەبوون بۆ سنووردارکردنی ئاژاوەگێڕی.
ئەو ئەفسەرانەی یاوەریی شاندەکە دەکەن، بە 'وەرگێڕی کولتووری' دەناسرێن، ئەوان لە پاڵەوانێتییەکانی پێشوودا، رۆڵی گەورەیان هەبوو نەک تەنیا لە پێدانی زانیاریی هەواڵگریی بە وڵاتانی میوانداریکەر، بەڵکو سرووشتی هاندەرانی وڵاتەکەیان بۆ دەزگا ئاسایشپارێزەکانی وڵاتانی میواندار رووندەکردەوە، لەپێناو خۆپاراستن لە هەر ناحاڵیبوونێک.
مارک رۆبێرتس، سەرۆکی یەکەی پۆلیسی تۆپی پێ لە بەریتانیا دەڵێ، ئەفسەرە بەریتانییەکان هاوکاریی هێزە ناوخۆییەکان دەکەن لە تێگەیشتنی هاندەرانی ئینگلتەرا و روونکردنەوەی ئەوەی کە دەکرێ هاندەران بەهاتوهاوار بن، بەڵام تووندوتیژ نین. روونیکردووەتەوە بوونی ئەو ئەفسەرانە، رۆڵی گرنگی هەبووە لە کەمکردنەوەی دەستگیرکردنی ئەوان لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا.
ئەو زیاتر دەڵێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جیا لە وڵاتانی دیکەی میواندار بیردەکاتەوە، "لە ئەڵمانیا پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ویلایەتەکان تیچووی هەموو کارەکانیان گرتبووە ئەستۆ، بەڵام لە ئەمریکا پارەدانێکی هاوشێوە نییە، لەبەرئەوە تەنیا پۆلیسی بەریتانیا تێچووی کارەکە لە ئەستۆ دەگرێت و ئەوەش ناچاری کردووین ژمارەکە بۆ تەنیا سێ ئەفسەر کەم بکەینەوە".
پێشبینیکراوە ئەو سێ ئەفسەرە بەریتانییە لە ئەکادیمیای پۆلیسی بۆستن بمێننەوە لەماوەی بوونی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە پاڵەوانێتییەکە، ئەوەش بەهۆی رێوشوێنەکانی تێچووی مانەوەکەیان.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیالی داهاتوو لە کۆمەڵەی دوانزەی پاڵەوانێتییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کرواتیا، گانا و پەنەما یارییدەکات.