کیلیان ئێمباپێ 5 کیلۆگرامی دابەزاندوە!



رووداو دیجیتاڵ

کیلیان مباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدرید، بە دۆخێکی تەندروستیی سەختدا تێدەپەڕێت و دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسێکی گەدە 5 کیلۆگرامی لە کێشی لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە لە یارییەکانی یانەکەی لە مۆندیالی یانەکان دووربکەوێتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی میدیایی نزیک لە یانە ئیسپانییەکە، کیلیان ئێمباپێ هەفتەی رابردوو بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی گەدە و ریخۆڵە (gastroenteritis) رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نەخۆشییەکە زۆر کاریگەری هەبووە لەسەر کیلیان و بەهۆیەوە لە دوو یاریی سەرەتای ریال مەدرید لە مۆندیالی یانەکان بەشداریی نەکردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێرشبەرە فەرەنسییەکە گەڕاوەتەوە بۆ راهێنانەکان، بەڵام سەرچاوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دابەزینی کێشی بە روونی لە وێنەکانی راهێناندا دیارە. مباپێ ئەم هەفتەیە لە هۆڵی وەرزشی مەشقەکانی ئەنجامداوە و ئەگەری هەیە بتوانێت لە دوا یاریی قۆناغی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر یانەی رێد بۆڵ ساڵزبۆرگ لە رۆژی هەینی بەشداری بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمباپێ وەرزی یەکەمی لەگەڵ یانەی شاهانە بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند و توانی 43 گۆڵ لە 56 یارییدا تۆمار بکات، هەرچەندە تیپەکەی هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێنا.