ڤیدیۆ راپۆرت؛ تۆپی پێی فەرەنسا بە هاندەرەوە دەگەڕێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە چوار مانگ راگیران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، تۆپی پێ لە فەرەنسا دەستپێدەکاتەوە و یەکەم یاریی فەرمی لە سەردەمی کۆرۆنادا دەکرێت، بەڵام گەڕانەوەیەک لە ژێر پرسیاری زۆردا.

لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوودا، فەرەنسا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی وڵاتەکەیدا و نازناوەکەی دایە پاریس سانجێرمان، زۆر قسەکران، زۆر ناڕەزایەتی پێشاندران، بەڵام گوێ بۆ کەسیان نەگیرا و کۆرۆنا کرایە باشترین بیانووی ئەو بڕیارە، بەڵام ئەمڕۆ یاری کۆتایی جامی فەرەنسا، لەنێوان پاریس سانجێرمان و سانت ئیتیان بەشێوەیەکی جیاواز دەبێتە سەرەتای گەڕانەوەی تۆپی پێ لە وڵاتەکەدا.

یارییەکە کاژێر 22:10 لە یاریگەی سان دۆنی دەکرێت، کە 80 هەزار هاندەر تێیدا جێگەیان دەبێتەوە، بەڵام پێچەوانەی هەموو ئەو وڵاتە گەورانەی بڕیاریاندا خول و پاڵەوانێتییەکانیان بەردەوامبێت، فەرەنسایەک کە خولەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمڕۆ رێگە بە ئامادەبوونی 5 هەزار هاندەر دەدات لە یارییەکەدا ئامادەبن.

پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی نازناوی خولەکەی پێدرا، لەبەردەم هەلی ئەوەدایە چوار نازناو لەم وەرزەدا بباتەوە، پاریس خاوەنی 12 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و لە پێنج ساڵی رابردوودا 4 جار بووەتە پاڵەوان، جگە لەوەش داتاکان بەرامبەر سانت ئیتیان لە بەرژەوەندی یانەکەی پایتەختن و لە دوایین 20 یارییدا بەرامبەر یانەکە نەدۆڕاون.

جگە لە رکابەریکردن بۆ بردنەوەی نازناوەکە، ئەم یارییە بۆ پاریسییەکان وێستگەیەکی گرنگی ئامادەکارییە، بۆ بەرامبەر ئاتالانتا لە چامپیۆنزلیگدا کە دوو هەفتەی دیکە رکابەرییەکانی دەستپێدەکەنەوە.

سانت ئیتیان، پێش هەڵوەشاندنەوەی خولی فەرەنسا لە بەردەم بارودۆخیکی قورسدابوو و نزیکی دابەزین بوو لە خولەکە، بەڵام لە بەختی ئەو خولەکە هەڵوەشایەوە.

سان ئیتیان خاوەنی 6 نازناوی جامی فەرەنسایە، بەڵام لە 1977ـەوە عەوداڵی بردنەوەی نازناوێکی دیکەیە و بۆی نابێتە راستی، ئەمشەو بەرامبەر پاریس سانجێرمان، دەیەوێت ببێتە سوپرایز و بەبردنەوەی نازناوەکە بە فەرەنسا بڵێت بە پاڵەوانبوونی ئێمە تۆپی پێ دەگەڕێتەوە.