کۆڤان حەسەن تاکە یاریزانی کوردە لە پارالۆمپی تۆکیۆ
رووداو دیجیتاڵ
کۆڤان حەسەن، پاڵەوانی کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت، لە ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی پارالۆمپی 2020ـی تۆکیۆ بەردەوامە و چاوی لە ئەنجامێکی گەورەیە.
ئەم پاڵەوانە کوردە خاوەنی زیاتر لە 120 مەدالیای جیهانییە لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها میدالیای زێڕی پارالۆمپی ریۆی بردەوە بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەرزشیی عێراقدا.
کۆڤان حەسەن، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی پارالۆمپی عێراق لە تورکیا راهێنان و ئامادەکاری دەکەم، کەش و هەوای کەمپەکەمان زۆر باشە و موڕاڵم زۆر بەرزە".
خاوەن تاکە میدالیای زێڕی عێراق لە یارییەکانی پارالۆمپی ئەمساڵ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، هەر بۆیە ماوەیەکی زۆر لە وەرزشکردن دوورکەوتەوە، بەڵام بەر لە دوو هەفتە گەڕایەوە نێو یاریگەکان و لە پاڵەوانێتی جیهان لە وڵاتی چیک میدالیای برۆنزی بردەوە.
کۆڤان حەسەن، روونیشکردەوە "راستە ماوەیەکی زۆر دابڕام لە وەرزشکردن بەهۆی نەخۆشییەکەم و کۆچی دوایی باوکم، بەڵام بەڵێنم بەهەموو خەڵکی کوردستان و هاندەرانم داوە بەباشترین ئاست بگەڕێمەوە و مەدالیای پارالۆمپی بەدیاریی دەهێنمەوە".
یارییەکانی پارالۆمپی تۆکیۆ رۆژی 24ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، کۆڤان لەگەڵ هەڵبژاردەی پارالۆمپی عێراق دەچێتە نێو رکابەرییەکانی تۆکیۆ.