گالەری

24-07-2021
15 Photos
ئیحسان تاهیر

رووداو دیجیتال

چالاکی و رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی 2020ـی تۆکیۆ لە دووەم رۆژیدا بەردەوامن و وەرزشوانان دەستیان کردووە بە بردنەوەی میدالیاکان، کە ئەمڕۆ یاریزانێکی کورد میدالیایەکی زێڕی بردەوە.

پێشبڕکێکانی ئۆڵیمپیاد بەشێوەیەکی بەرفراوان و لە زۆربەی یارییەکاندا دەستیان پێکردووە و چەند یاریزانێک میدالیایان بەدەستهێناوە.

جەواد فروغی، یاریزانێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەڵبژاردەی ئێران یارییدەکات و بەشداریی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی یاریی نیشانە شکێنی هەواییدا بە دەمانجە لە دووریی 10 مەتر، توانیی پلەی یەکەمی ریزبەندی رکابەرییەکە بباتەوە و سێیەم میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ و یەکەم میدالیای بۆ ئێران بەدەستهێنا.

ئارام مەحموودی یاریزانی بادمنتۆنی کوردیش، لەگەڵ تیپی پەنابەرانی ئۆڵیمپیدا بەشداری لە ئۆڵیمپیادی 2020ـی تۆکیۆدا دەکات، ئەو لە یەکەم یاریی خۆیدا تووشی شکست بوو، کاتێک یارییەکەی بەرامبەر جۆناتان کریستیتێی یاریزانی ئێندۆنیزی دۆڕاند، بە دوو گێمی بێبەرامبەر 21 - 8 و 21 - 14.

ئۆڵیمپیادی 2020ـی تۆکیۆ بەردەوامە و تا دێت رکابەرییەکان بەهێزتر دەبن.