رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی ساڵانەی ئەستێرەکانی خولی تۆپی پێی ئەمریکا (MLS)، هەڵبژاردەی ئەستێرەکانی خولەکە توانیان بە ئەنجامی 3-1 لە هەڵبژاردەی ئەستێرەکانی خولی مەکسیک (Liga MX) ببەنەوە، ئەمەش لە یارییەکدا بوو کە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی تێیدا بەشدار نەبوو.
لیۆنێل مێسی و جۆردی ئەلبا، هاوڕێی لە تیپی ئینتەر مەیامی، بەهۆی بەشدارینەکردنیان لە یارییەکەدا، ئەگەری هەیە رووبەڕووی سزای راگرتن ببنەوە بۆ یاریی داهاتووی تیپەکەیان بەرامبەر سینسیناتی. لە بەرەی لیگا ئێم ئێکسیشەوە، خامێس رۆدریگێزی کۆڵۆمبی بڕیاریدا بەشداری لەو یارییەدا نەکات کە لە یاریگەی Q2 لەبەردەم زیاتر لە 20,000 هاندەردا بەڕێوەچوو.
ئەمە سێیەم بردنەوەی MLSـە لە ماوەی چوار رووبەڕووبوونەوەدا. ساڵی رابردوو لیگا ئێم ئێکس بە ئەنجامێکی گەورەی 4-1 یارییەکەی بردبووەوە.
مێسی تاوەکو ئێستا لە هیچ یارییەکی ئەستێرەکانی MLSـدا بەشداری نەکردووە و ساڵی رابردووش بەهۆی پێکانەوە ئامادەنەبوو. جێگەی باسە، مێسی لەگەڵ سام سورێج، بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ، پێکەوە لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئەمریکادان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ