پێرێز بۆنی خیانەت لە ڤینیسیۆس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هەست بە خیانەت دەکات و پێشبینی دەکرێت شەڕی 'من'بوون هەڕەشە لە تەختی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بکات لە ریال مەدرید.
ئایا ڤینیسیۆس باجی خواستە بەرزەکانی دەدات؟
دوای وەرزێکی نائومێدکەر، ڤینیسیۆس جونیۆر خۆی لەسەر دووڕیانێکی چارەنووسساز لەگەڵ ریال مەدرید دەبینێتەوە، دوای ئەوەی تیپەکە شکستی هێنا لە بەدەستهێنانی نازناوە گەورەکان.
ئێستا ئاڵۆزییەکان لەنێوان یاریزانەکە و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە زیاد دەکەن، کە سازش لەگەڵ ئەو کەسانەدا ناکات کە دژی دیدگاکەی دەوەستنەوە.
داواکارییەکانی ڤینیسیۆس بۆ وەرگرتنی مووچەیەک کە لەوەی کیلیان ئێمباپێ زیاتر بێت، لەگەڵ ململانێی 'من'بوون و ئاڵنگارییە تاکتیکییەکانی راهێنەری نوێ، چابی ئەلۆنسۆ، داهاتووی ئەستێرە بەرازیلییەکەی خستووەتە ژێر وردبینییەوە.
رەهەندەکانی قەیرانی ڤینیسیۆس لەنێوان ململانێ کەسییەکان و کێشە هونەرییەکاندا دابەش بوون، بەڵام لە پشتی ئەم ململانێیانەوە کەسایەتیی یەکلاکەرەوەی پێرێز هەیە، کە لە رابردوودا ئەفسانەکانی یانەکەی دوورخستووەتەوە.
خیانەت و ململانێی 'من'بوون
ڤینیسیۆس جونیۆر، کە لەساڵی 2018 و لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، بووە یەکێک لە باشترین باڵەکانی هێرشبەری لە جیهاندا.
ئەم یاریزانە بەرازیلییە زیاتر لە 100 گۆڵی لە زیاتر لە 300 یاریدا تۆمارکردووە و بەشداریی لە بەدەستهێنانی 3 نازناوی لالیگا و 2 نازناوی چامپیۆنزلیگدا کردووە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە هاوینی 2024 دینامیکییەتی تیپەکە دەستی بە گۆڕان کرد و لەگەڵیدا خواستەکانی ڤینیسیۆسیش گۆڕان.
بەپێی چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی ئیسپانی، ڤینیسیۆس و نوێنەرەکانی داوا دەکەن کە ببێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە تیپەکەدا و مووچەکەی لەوەی ئێمباپێ تێپەڕێنێت، کە بە نزیکەی 20-25 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا دەخەمڵێنرێت.
ئەم داواکارییە پێرێزی نیگەران کردووە و پێیوایە ئەمە هەوڵێکە بۆ سەپاندنی مەرج لەڕێگەی گوشارەوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کە لە 2027 کۆتایی دێت، وەستاون.
هەروەها لەوانەیە هاندەران، میدیا و تەنانەت خودی یاریزانەکانیش واببینن کە ئەم مەرجانە لەچوارچێوەی خۆبەزلزانی و ململانێی 'من'بوون دان، وەک ئەوەی ڤینیسیۆس بیەوێت بە زۆر ئەستێرەیی خۆی بەسەر کیلیان ئێمباپێی تازەهاتوودا بسەپێنێت، کە لە وەرزی رابردوودا سەرنجەکانی لەسەر خۆی کۆکردەوە.
هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە پێرێز هەست بەئەگەری خیانەتی یاریزانە بەرازیلییەکە دەکات، و پێیوایە بیر لەوە دەکاتەوە گرێبەستەکەی تەواو بکات و لە ساڵی 2027 بەخۆڕایی بڕوات. ئەمەش سەرۆکی تووڕە کردووە، کە رەتیدەکاتەوە ئەستێرەیەک بەبێ قەرەبووی دارایی لەدەستبدات.
کەسایەتیی فلۆرێنتینۆ پێرێز بە یەکلاکەرەوەیی ناسراوە. ئەو سەرۆکە بوێرییەی کە لە رابردوودا ئەستێرە گەورەکانی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ (کە لە 2018 چووە یوڤێنتوس)، سێرخیۆ رامۆس (کە لە 2021 دوای شکستی گفتوگۆکانی نوێکردنەوە رۆیشت)، کاسێمیرۆ، ڤاران و چەندانی دیکەی دوورخستەوە.
پێرێز دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری بڕیاری قورس ئەگەر هەست بکات یاریزانێک هەڕەشە لە پێکهاتەی یانەکە دەکات یان دەسەڵاتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بەپێی هەندێک راپۆرتی ئیسپانی، ئەگەر ڤینیسیۆس تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی 2025 گرێبەستێکی نوێ واژۆ نەکات، لەوانەیە بخرێتە لیستی فرۆشتنەوە بۆ ئەوەی لەدەستدانی بە خۆڕایی ەوونەدات.
سێکوچکەی باڵی چەپ
لەلایەکی دیکەوە، چابی ئەلۆنسۆ کە لە حوزەیرانی 2025 پۆستی راهێنەری ریال مەدریدی وەرگرت، رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی تاکتیکیی ئاڵۆز دەبێتەوە.
تیپەکە 3 ئەستێرەی تێدایە کە ئارەزوو دەکەن لە هێڵی باڵی چەپ یاری بکەن، ئەوانیش ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان ئێمباپێ و رۆدریگۆ گۆس.
ئەم قەرەباڵخییە "قەیرانێکی سەیر" دروست دەکات، بەڵام ئەلۆنسۆ دەخاتە بەردەم کێشەیەکی تاکتیکی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی تیپەکە هەبێت. ڤینیسیۆس بە باڵی چەپی سەرەکی دادەنرێت، کە پشت بەخێرایی و لێهاتووییەکانی لە مانۆڕکردندا دەبەستێت بۆ بڕینی بەرگریی رکابەران.
بەڵام لە وەرزی 2025/2024 ئاستی دابەزی، 22 گۆڵ و 19 ئەسیستی لە 58 یارییدا تۆمارکرد و گرنگتر لەوە، درەوشاوەیی خۆی لە یارییە گەورەکاندا لەدەستدا.
لەگەڵ گەیشتنی ئێمباپێ، ئەو بووەتە ئەستێرە دیارەکەی تیپەکە، ئەویش حەزدەکات لە باڵی چەپ یاری بکات، بەڵام توانای یاریکردنی وەک هێرشبەرێکی سەرەڕمیشی هەیە.
ئەلۆنسۆ رووبەڕووی ئاڵنگاریی گونجاندنی ئێمباپێ دەبێتەوە بەبێ ئەوەی ڤینیسیۆس بکاتە قوربانی یان هێڵی هێرشبردن تێکبدات، کە رۆدریگۆشی تێدایە. بەڵام رۆدریگۆ سەرەڕای درەوشانەوەی، زۆرجار خۆی لە دەرەوەی پێکهاتەی سەرەکی دەبینێتەوە یان دەگوازرێتەوە بۆ باڵی راست، کە کاریگەریی تێیدا کەمترە.
یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانیی یانەکان (کە بەدۆڕانی ریال بەئەنجامی 4-0 کۆتاییهات) ئەم کێشەیەی بەڕوونی دەرخست. تیپەکە هاوسەنگیی تێدا نەبوو، ئەرکەکانی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ تێکەڵ ببوون و پێکهاتەیەکی روون بۆ گوشار و هێرشبردن بوونی نەبوو.
ئەلۆنسۆ پێویستی بە سیستمێکە کە رێگەی پێبدات سوود لە دووانەی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ وەربگرێت، بەتایبەت لەگەڵ رۆیشتنی نزیکی رۆدریگۆ. لەوانەیە ئەمە لەڕێگەی دانانی یاریزانە فەرەنسییەکە وەک هێرشبەری سەرەڕم و هێشتنەوەی ڤینیسیۆس لە باڵی چەپ بکرێت، لەگەڵ دۆزینەوەی رۆڵێکی روون بۆ بەهرەمەندە نوێیەکە، گۆنزالۆ گارسیا. بەڵام ئەمە پێویستی بە قوربانیدانی تاکتیکی هەیە کە لەوانەیە هەموو لایەک رازی نەکات.
چاوەڕوانیی سعودیە
دەستەوارەکانی سعودیە چینێکی دیکەی ئاڵۆزی دەخەنە سەر قەیرانی ڤینیسیۆس. چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی ئاماژە بەوە دەکەن کە یانەی ئەهلی سعودی، پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکێشکردنی دەستەوارەیەک بەبڕی 400 ملیۆن دۆلار بە ریال مەدرید، لەگەڵ مووچەی ساڵانەی 200 ملیۆن دۆلار بۆ ڤینیسیۆس بۆ ماوەی 5 ساڵ.
ئەم دەستەوارەیە ئەگەر بێتەدی، ریکۆردی گواستنەوەی نەیمار (222 ملیۆن یۆرۆ) دەشکێنێت. سەرەڕای ئەوەش، دەگوترێت سعودیە پۆستی باڵیۆزی جامی جیهانیی 2034ـی پێشکێش دەکات، کە وادەکات گرێبەستەکە نەک تەنیا لەڕووی داراییەوە، بەڵکو لەڕووی میراتیشەوە سەرنجڕاکێش بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا جێهێشتنی ریال مەدرید لە تەمەنی 25 ساڵیدا بە واتای وازهێنانە لە دەرفەتی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بۆ جارێکی دیکە و لەوانەیە لەدەستدانی دەرفەتی بردنەوەی تۆپی ئاڵتوونیش بێت.
ڤینیسیۆس خۆی لە لێدوانەکانی پێشووتریدا جەختی لەسەر خواستی مانەوە و تۆمارکردنی مێژوو لەگەڵ ریال مەدرید کردووەتەوە، بەڵام بە لێدوانی وەک "پێویستە لەگەڵ سەرۆک قسە بکەم" مشتومڕی دروست کردووە، کە وەک تاکتیکێکی گفتوگۆ لێکدەدرێتەوە.
رۆیشتنی ڤینیسیۆس لەوانەیە بودجەیەکی زەبەلاح بداتە ریال مەدرید بۆ دووبارە بنیاتنانەوە. دەستەوارەیەکی350 - 400 ملیۆن یۆرۆیی رێگە بە یانەکە دەدات شوێنەکانی دیکە بەهێز بکات، وەک یاریزانێکی ناوەندی گرنگ بۆ شوێنگرتنەوەی تۆنی کرووس و لوکا مۆدریچ و رەنگە ئەستێرەیەکی دیکەش لە هێڵی هێرشبردن لە تەنیشت ئێمباپێ.
بەڵام لەدەستدانی ڤینیسیۆس وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی بڕین لە جیهاندا، گورزێکی کوشندە دەبێت بۆ ناسنامەی هێرشبەریی تیپەکە.
لەوانەیە جێگرەوەکانی وەک رۆدریگۆ (لە ئەگەری مانەوەی)، ئێندریک و گۆنزالۆ گارسیا نەتوانن دەستبەجێ ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە و لەوانەیە کاتی زیاتری بوێت تاوەکو ئەلۆنسۆ پێکهاتەیەکی هێرشبردنی گونجاو دەدۆزێتەوە.
ئەگەری مانەوە
داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆر لە ریال مەدرید پشت بەچەند هۆکارێک دەبەستێت، دیارترینیان توانای خۆی بۆ گونجاندنی خواستە کەسییەکانی لەگەڵ پێکهاتەی یانەکە، هەڵوێستی فلۆرێنتینۆ پێرێز کە "گوشار و مەرجدانان" قبوڵ ناکات و سەرکەوتنی چابی ئەلۆنسۆ لە دۆزینەوەی هاوسەنگیی تاکتیکی.
ئێستا وادیارە مانەوەی ڤینیسیۆس سیناریۆی چاوەڕوانکراوتر بێت، بەڵام بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان لە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا لەوانەیە دەرگا بۆ دەستەوارەیەکی سعودی بکاتەوە کە یاساکانی یارییەکە بگۆڕێت.
لەگەڵ مێژووی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە گرتنەبەری بڕیاری قورس و ئاڵنگارییە تاکتیکییەکانی ئەلۆنسۆ، پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا ڤینیسیۆس وەک هێمایەک بۆ ریال مەدرید دەمێنێتەوە، یان دەبێتە قوربانییەکی نوێی سیاسەتە پۆڵایینەکەی پێرێز؟ مانگەکانی داهاتوو وەڵامەکە وەردەگرینەوە.