ریال مەدرید شوێنگرەوەی کرووسی دۆزییەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید هەنگاوی جددی ناوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئینزۆ فێرناندێزی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی.
گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکەی تانگۆ بۆ ئەوەیە شوێنی ئەستێرەی ئینگلیزی جود بێلینگهام پڕبکاتەوە، کە بەهۆی پێکانێکی سەختی ماسوولکەوە بۆ ماوەی نزیکەی 4 مانگ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
ئینزۆ، کە بە یەکێک لە دیارترین یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست لە پرێمەرلیگ دادەنرێت، بووەتە یەکێک لە ئامانجە بەپەلەکانی چاڤی ئەلۆنسۆ، کە وەک یاریزانێکی نموونەیی دەیبینێت بۆ بەستنەوەی هێڵەکانی بەرگری و هێرشبردن، بەتایبەتی دوای رۆیشتنی تۆنی کرووس و دوورکەوتنەوەی یەکجارەکیی مۆدریچ.
سەرەڕای خواستی زۆری ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە، بەڵام ئەرکەکە ئاسان نابێت، چونکە یانەی چێڵسی سوورە لەسەر ئەوەی بەکەمتر لە 140 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئینزۆ نابێت. هاوکات، تاوەکو ئێستا کارگێڕیی "بلوز" هیچ نەرمیيەکی نیشان نەداوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە یاریزانەکە خۆی دەیەوێت لە ستامفۆرد بریدج بمێنێتەوە و وەرزێکی نوێ لە پرێمەرلیگ بەڕێبکات.
لە لایەکی دیکەوە، راهێنەر چابی ئەلۆنسۆ دەستی بەدروستکردنی هێڵێکی ناوەڕاستی نوێ کردووە بۆ وەرزی 2025-2026، بەو پێیەی بڕیاری داوە ئەستێرەی گەنجی تورکی، ئاردا گولەر بهێڵێتەوە و کاتی یاریی زیاتری لە پێکهاتەی سەرەکیدا پێببەخشێت، شانبەشانی ڤالڤێردی کە بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی چەندین ئەرکی جیاواز لە هەردوو ئاستی بەرگری و هێرشبردندا.
جوڵە و هەنگاوەکانی ئەم دواییە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ریال مەدرید تەنیا پلانی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی یاریزانە دوورکەوتووەکان نییە، بەڵکو هەوڵ دەدات هێڵێکی ناوەڕاستی گەنج و بەهێز دابمەزرێنێت کە بۆ ساڵانێکی زۆر سەرکردایەتیی یانەکە بکات و ئینزۆ فێرناندێز یەکێکە لەو ناوانەی کە ئەگەر گرێبەستەکەی سەر بگرێت، لەوانەیە داهاتووی یانە شاهانەکە بگۆڕێت.