ڤیدیۆ؛ شێرکۆ کەریم: لە هەڵبژاردنەکانی یانەی هەولێردا کڕین و فرۆشتن هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
شێرکۆ کەریم دوای ئەوەی ریزەکانی یانەی هەولێری جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی زاخۆوە کرد، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، باسی هۆکارەکانی رۆیشتنی لە هەولێر و پەیوەندیکردن بە یانەی زاخۆوە کرد. گوتیشی "لە هەڵبژاردنەکانی یانەی هەولێردا کڕین و فرۆشتن هەبوو، بۆیە بەشداریم تێدا نەکرد".
شێرکۆ کەریم سەرەتا سوپاسی یانەی زاخۆ و هاندەرانی کرد کە چەندین ساڵە چاوەڕێی رۆیشتنی ئەو بۆ یانەکەیان دەکەن و گوتی "سوپاس بۆ خوا، هەموو شتێک تەواو بوو، ئێستا من یاریزانی ئەو یانەیەم، هیوادارم بتوانم لە ئاستی داواکارییاندا بم و بتوانم خزمەتی یانەکە و هاندەرانی بکەم بۆ بردنەوەی نازناوەکان، کە خول و جاممان هەیە و بەشداری لە جامی کەنداودا دەکەین".
ئەستێرەی پێشووی یانەی هەولێر و ئێستای زاخۆ، دووپاتیکردەوە کە ئەو بڕیاری دابوو ئەگەر کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر نەبن، تەنیا بۆ زاخۆ یاری دەکات و گوتی "بێگومان دوو یان سێ یانەم رەتکردەوە، چونکە من پێشتر پەیامێکم بڵاوکردبووە و نووسیبووم ئەگەر کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر نەکرێن یاری بۆ زاخۆ دەکەم".
شێرکۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی درێسی ژمارە چەند لەگەڵ یانەی زاخۆ دەپۆشێت؟ گوتی "بەلای منەوە گرنگ نییە ژمارە 7 یان هەر ژمارەیەکی دیکە بپۆشم، من بۆ خزمەتکردن چوومەتە زاخۆ نەک بۆ ژمارە".
سەبارەت بەوەی کە پێشبینی چیدەکات بۆ داهاتووی یانەی هەولێر، کە چەند ساڵێک کاپتنی ئەو یانەیە بووە، بەتایبەتی کە چەندین یاریزان ریزەکانی یانەکەیان جێهێشتووە؟ ئەو گوتی "بێگومان دیاربوو کە رۆژ بە رۆژ دۆخی یانەی هەولێر بەرەو خراپی دەچوو، چەندین هەنگاومان نا بۆ ئەوەی باشی بکەین، بەڵام هەموو جارێک خراپتر دەبوو. من وەک خۆم هەوڵمداوە وەک چاوەکانی خۆم یانەی هەولێر بپارێزم. من هەرگیز چاکەکانی هاندەرانی هەولێر لەبیرناکەم کە لەپشتمەوە بوون، من هەمیشە لەگەڵیان دەمێنمەوە ئەگەر لە یانەی هەولێریش نەبم".
ئەو گوتیشی "بەداخەوە کێشەکانی یانەی هەولێر تەنیا یەک خاڵ نەبوو کە بڵێین دەتوانین چارەسەری بکەین".
شێرکۆ کەریم لە کاتی باسکردنی دۆخی یانەی هەولێر زیاتر خۆی پێنەگیرا و دەستی کرد بەگریان و گوتی "بەرپرسان و ئەو دەستە کارگێرییانەی دادەنران وایان لە یانە هەولێر کرد، ناتوانم باسی هەولێر بکەم!! نازانم باسی چیتان بۆ بکەم!! داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەم چارەسەرییەک بدۆزێتەوە".
ئەو زیاتر گوتی "خەڵکێکی زۆر قسەی قیزەوەن دەکەن بەبێ ئەوەی بزانن لەم یانەیەدا چی دەگوزەرێت".
هەروەها گوتی "دەستێک هەبوو بەقێزەوەنترین شێوە هەموو کارێکی دەکرد بۆ لێدانی شێرکۆ کەریم. بەداخەوە تۆڕێک دروست کرابوو لە دەرەوەی یانەی هەولێر بۆ لێدانی من بەسەرپەرشتی هەندێک کەس کە هەندێک یاریزان و پەیجیان بەکاردەهێنا، کاریان دەکرد بۆ ئەوەی شێرکۆ ناشیرین بکەن، ئینجا دەهاتن دەستە چەپەڵەکانی بە شێرکۆ دەسڕییەوە. ئەوان دەیانویست بە لێدان لە شێرکۆ لە یانەی هەولێریش بدەن".
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سپۆرتسدا، کە ئایا دوای ئەوەی بڕیاری رۆیشتنت دا، کەس لە بەرپرسانی ئەم شارە پەیوەندییان پێوە نەکردووی؟ شێرکۆ گوتی "نەخێر بەهیچ شێویەک کەس پەیوەندی بەمنەوە نەکردووە، چونکە ئەوان دەزانن کە چەند ساڵێکە هەموو شتێکم کرد و لە هەموو دەرگایەکم دا بۆ ئەوەی یانەی هەولێر چاک ببێت، لە دەرگای هەموو بەرپرسێکم دا، ئێستاش کە گەیشتووەتە ئەم دۆخە منیش مافی خۆمە و دەبێت کەسایەتی خۆم بپارێزم"
زیاتر گوتی "پلانێکیان لە ڤی ئای بۆ دانام و شەڕیان پێفرۆشتم، دواتر هەزار و یەک بوختایان بۆ هەڵبەستم، منیان لەبەرچاوی ئەو هاندەرانە ناشیرین کرد، بەڵام چی کرا؟! من چۆن هەست بە ئەمانەت بکەم؟!". هەروەها گوتی "بەڕاستی لەو رۆژە دەترسام کە روویدا".
شێرکۆ کەریم رەتیکردەوە گوتبێتی هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم دەستەی کارگێڕی بە تەلەفۆنێک بگۆڕم و گوتی "هەرگیز ئەو قسەیەم نەکردووە و ئەوە لە رەوشتی من ناوەشێتەوە. هەر ئەوکاتیش ویستم سکاڵا تۆماربکەم، بەڵام گوتم من کاپتنم و با کێشەکان گەورەتر نەکەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی ئەو قسانە بکات بێڕەوشتە".
لە بەشێکی قسەکانیدا کاپتنی پێشووی یانەی هەولێر، دانی بەوەدانا کە مستەفا قابیلی یاریزانی لاوی یانەی هەولێر پێشتر پێیگوتووە بەتەلەفۆن هەڕشەی لێدەکەن و گوتی "مستەفا تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی کاپتن وازم لێناهینن، پێمدەڵێن بڕۆ بەدوای باوکت بکەوە؟ پێمگوت تەلەفۆنەکەت داخە تۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقی، بایەخ تەنیا بە کارەکەت بدە. گوتی کاپتن پێمدەڵێن پشت بەکەس مەبەستە و دوورکەوە لەو کەسانەی پشتیوانتان دەکەم. من دەمەوێت پشتگیری مستەفا بکەم و جێگەی شێرکۆ کەریم بگرێتەوە".
ئەو رەتیکردەوە مستەفا قابیل و ئوسامە رەشید لەگەڵ خۆید بباتە زاخۆ و گوتی "نەخێر، مستەفا هێشتا گرێبەستی ماوە. من لەو کەسانە نیم کە لە یانەی هەولێر بڕۆم بڵێم دەی پەیوەندیم پێوە نییە".
شێرکۆ کەریم زیاتر لەبارەی مستەفا قابیلەوە، گوتی "من پلانم بۆ مستەفا داناوە و ئەو دەبێتە ئستێرەیەکی گەورە و سەری کورد بەرز دەکاتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری تۆڕی میدیای رووداودا، کە بۆچی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی یانەی هەولێردا نەکردووە؟ شێرکۆ گوتی "هەر هەڵبژاردنێک کڕین و فرۆشتنی تێدا بێت، ئامادەنیم بەشداری تێدا بکەم، بەدڵنیاییەوە کڕین و فرۆشتنی تێدا کراوە، دەبێت بۆ خوا بڵێین چۆن دەبێت کەسێکی وەک قایمقام بەشدار بێت کەچی کەسانێک دەربچن کە دوو کەس نایانناسن، من هەر بڕوام بەو هەڵبژاردنە نەبوو".
شێرکۆ کەریم پەسنی یانەی زاخۆی دا و گوتی "تیپێکی رێکخراوە و خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی باشە و ئامانجیان بردنەوەی نازناوەکانە، دەبێت ئاواتەکانی هاندەرانی زاخۆ بێنینەدی".
هەروەها گوتیشی "من ماڵئاوایی لە یانەی هەولێر نەکەم و هەرکاتێک دۆخی ئەو یانەیە چاکبووەوەو هەولێر پێویستی پێیبوو دەگەڕێتەوە ئەو یانەیە و یارمەتی دەدات و گوتی "دوایلێبوردن لە هاندەرە دڵسۆزەکانی یانەی هەولێر دەکەم، خوای گەورە دەرگایەک لەسەر یانەکەی پایتەخت بکاتەوە و بەهەمووان پێکەوە بتوانن خزمەتی ئەو یانەیە بکەن، بەڵام ئەوە تەنیا بەحکومەت دەکرێت و دەبێت بێتە سەرهێڵ".