رووداو دیجیتاڵ
وەرزێک هەمیشە لەبیری هەموواندا دەمێنێتەوە و ناوی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیش تێیدا بە ئاوی زێڕ دەنووسرێتەوە، ئاخر ئەوەی ئەم کردی کەس نەیکردووە و دووبارەکردنەوەشی ئەستەمە.
لیڤا گۆڵ، باشترین پێناسەیە بۆ ئەستێرەکەی پۆڵەندا و بایرن میونشن، ئەو رۆڵی کارا و سەرنجڕاکێشی لە یەکلاییکردنەوەی نازناوەکان بۆ باڤارییەکان گێڕا و کەم رۆژ هەبوون لە نێو لیستی گۆڵکارەکاندا ناوی ئەو نەبێت، کەم گۆڵپارێز هەبوون میوانێکی رەزاگران و بێزارکەریان نەبێت، کە تۆڕ هەبوون ئەم نەیهاژاندبن.
لیڤا لە بوندێسلیگا بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت، ئەو 31 یاریی ئەنجامدا و 34 گۆڵی تۆمارکرد، بووە گۆڵکاری خولەکە و نازناوەکەشی لەگەڵ یانەکەی بردەوە، تاوەکو تەواوبوونی خولەکەش ئەو بەربژێری یەکەم بوو بۆ بردنەوەی پێڵاوی ئاڵتۆن، بەڵام لە کۆتاییدا چیرۆ ئیمۆبێلی خەڵاتەکەی بردەوە.
لە جامی ئەڵمانیادا، ئەستێرە پۆڵەندییەکە، دیسان رۆڵی خۆی بەباشی گێڕا، نازناوەکەی بردەوە و بە تۆمارکردنی 7 گۆڵیش بووە بووە گۆڵکار.
چامپیۆنزلیگ وەک چۆن بۆ یانەکان یەکلاییکەرەوە و سەکۆی تاقیکردنەوەی راستەقینەیە، بۆ یاریزانەکانیش بەهەمان شێوە، بەڵام ئەستێرە پۆڵەندییە 32 ساڵەکە، لێرەش بەهەمووان گوت، ئەوەی من دەیکەم دەبێت ببێتە مێژوو.

لیڤا لە کۆی 11 یاریی بەشداریی لە 10 یارییداکرد، 15 گۆڵی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا تۆمارکرد، یەکەم یاریزانە لە دوای 13 ساڵ زیاتر لە رۆناڵدۆ و مێسی لە وەرزێکی چامپیۆنزلیگدا گۆڵ دەکات.
ئەو یەکەم یاریزانی مێژووە سێ نازناو بباتەوە و لە هەرسێ پاڵەوانێتییەکەشدا ببێتە گۆڵکار، بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەدا 46 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامدا و 55 گۆڵی تۆمارکرد، بەجیاوازیی 16 گۆڵ لەگەڵ نزیکترین رکابەری لەسەر ئاستی هەموو ئەوروپا.
لیڤا هەموو ئەمانەی کرد، بەڵام باڵۆن دۆر هەڵوەشێندرایەوە، زە بێستی فیفا دەگەڕێتەوە و بەدڵنیاییەوە هەموو چاوەکان بینەری بردنەوەی خەڵاتەکە دەبن، لەلایەن ئەستێرە پۆڵەندییەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ