رۆناڵدۆ زۆر تووڕەیە و سێ داواکاریی بەپەلەی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئەوەی جارێکی دیکە سەرکەوتوو نەبوو لە بردنەوەی یەکەم نازناو لەگەڵ یانەی نەسڕ، زۆر تووڕە بووە و سێ داواکاریی بەپەلەی هەیە لە کارگێڕیی یانەکەی بۆ ئەوەی بتوانن نازناو ببەنەوە.
لە یارییەکی دراماتیکی تۆپی پێدا، یانەی نەسڕ لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودی لەبەردەم رکابەرە سەرسەختەکەی، ئەهلی تووشی شکست بوو. یارییەکە ماراسۆنی بوو و کاتی ئاسایی بە یەکسانبوون بەئەنجامی دوو بە دوو کۆتاییهات، بەڵام لێدانەکانی یەکلاکەرەوە نازناوەکەیان دایە یانەی ئەهلی.
سەرەڕای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی گۆڵێکی لە لێدانی سزا تۆمارکرد و برۆزۆڤیچ ئاستێکی بەهێزی پێشکێشکرد، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ بەدەستهێنانی جامەکە. ئەمەش بووە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی لەسەر رووخساری رۆناڵدۆ، کە بەهۆی لەدەستدانی نازناوێکی نوێ لە دواساتەکاندا زۆر نائومێد دیاربوو. دیمەنێک کە نائومێدیی تەواوی هاندەرانی نەسڕی نیشان دەدا.
ئەم دۆڕانە تەنیا شکستێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکەرەوە بوو بۆ کارگێڕیی یانەکە کە پێویستە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنرێت بۆ گەڕاندنەوەی نەسڕ بۆ سەر رێڕەوی راستەقینەی خۆی بەرەو سەرکەوتن و بەدەستهێنانی نازناوەکان.
سەرچاوەکانی نزیک لەو یانەیە ئاشکرایانکردووە کە رۆناڵدۆ زۆر تووڕەیە و چیدی لای ئەو قبوڵکراو نییە کە تیپێک بەقەبارەی نەسڕ، کە پڕە لە ئەستێرەی جیهانی بەسەرکردایەتی خۆی لە قۆناخەکانی کۆتایی پاڵەوانێتییەکاندا بەمشێوەیە دەربکەوێت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، رۆناڵدۆ سێ داواکاریی بەپەلەی خستووەتە بەردەم کارگێڕیی نەسڕ بۆ ئەوەی کاری لەسەربکەن بەر لە داخستنی دەرگای مێرکاتۆی هاوینە، کە ئەمانەن:-
1 - یەکلاکردنەوەی دۆسیەی گۆڵپارێز بەشێوەیەکی کۆتایی
یاریی کۆتایی، بەتایبەتی لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا وەک لێدانەکانی سزا، دەریخست کە شوێنی گۆڵپارێز هێشتا جێگەی نیگەرانییە لە ریزەکانی نەسڕدا.
رۆناڵدۆ پێیوایە سەرەڕای گرێبەستە نوێیەکان، تیپەکە پێویستی بە گۆڵپارێزێکی ئاست بەرزی جیهانی هەیە کە خاوەنی ئەزموون و متمانە بێت، تاوەکو لە یارییە گەورەکاندا ببێتە بەربەستێکی راستەقینە بۆ پاراستنی گۆڵی یانەکە.
رۆناڵدۆ پێیوایە جێگیربوون لەسەر گۆڵپارێزێکی 'سوپەر' نیوەی رێگایە بۆ دروستکردنی تیپێکی پاڵەوان کە بتوانێت لە کاتە سەختەکاندا گۆڵەکەی بە خاوێنی بهێڵێتەوە.
2 - ناوەڕاستکارێکی جیهانی لە تەنیشت برۆزۆڤیچ
مارسێلۆ برۆزۆڤیچی کرواتی ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و وەک ئەو سییە وابوو کە هێڵی ناوەندی نەسڕ هەناسەی پێدەدا، بەڵام "چەپڵە تەنیا بەدەستێک لێنادرێت".
رۆناڵدۆ بە بەرپرسانی نەسڕی گوتووە، یارییەکە دەریخست کە برۆزۆڤیچ زۆر پێویستی بە هاوبەشێکی هەمان ئاستی جیهانی هەیە لە ناوەندی یاریگادا، کە بتوانێت بەرگری و هێرشبردن پێکەوە ببەستێتەوە و بارگرانی سەر یاریزانە کرواتییەکە کەم بکاتەوە.
یاریزانێک کە توانای بڕینی تۆپ و دروستکردنی هێرشی بەهەمان کارایی هەبێت و دووانەیەکی لێکتێگەیشتوو لەگەڵ برۆزۆڤیچ پێکبهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەی ناوەڕاست.
3 - هێرشبەری گەنج
رۆناڵدۆ داوایکردووە یەک دوو هێرشبەری گەنجی کوالیتی بەرز بخەنە نێو تیپەکە، چونکە لە ساتە سەختەکانی یاریی کۆتایی جامی سوپەردا ماندووێتی زەفەری بە ئەستێرە گەورەکان برد، بۆیە کریس پێیوایە کە پێویستە کورسیی یەدەگی نەسڕ هێرشبەرێکی گەنجی وای هەبێت کە لەکاتی پێویستدا بتوانێت بێتە ناو یاریگە و ریتمی یارییەکە بگۆڕێت.
بەبۆچوونی کریستیانۆ، گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانە بیانییە بەهرەمەندەکان کە خاوەنی لێهاتوویی، بوێری و خێرایین، دەتوانێت چارەسەری جۆریی لە سێیەکی کۆتایی یاریگادا بە تیپەکە ببەخشێت. ئەم یاریزانانە کاتێک لە کاتە هەستیارەکاندا بەشدارییان پێدەکرێت، دەتوانن ببنە "کارتی براوە" و پلانەکانی رکابەر لە قۆستنەوەی ماندووێتییان تێکبدەن.