ئیسکۆ لە بەڵێنەکەی بۆ ریال مەدرید پاشگەزبووەتەوە

رووداو دیجیتال

ئیسکۆ، یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەو بەڵێنەی پاشگەزبووەوە کە بەر لە چەند رۆژێک بە کارگێڕیی یانەی شاهانە و جەماوەرەکەی دابوو.

بەر لە چەند رۆژێک، ئیسکۆ لە لێدوانێکدا رایگەیاند ئەو نایەوێت لە ریال مەدرید بڕوات و سوورە لەسەر کۆششکردن لەپێناو بەدەستهێنانەوەی متمانەی زینەدین زیدانی راهێنەر و چوونەوە نێو پێکهاتەی سەرەکی یانەکە، بەڵام وادیارە ئیسکۆ لەو قسانەی پەشیمانە و ئێستا هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە.

باوکی ئیسکۆ، لە لێدوانێکدا، گوتی "ئیسکۆ بە ریال مەدریدی گوتووە هیچ دەستەوارەیەکی فەرمی بۆ نەهاتووە، سەرەڕای ئەوەی میدیاکان ناوی ئەویان بە چەندین یانەوە بەستووەتەوە"، بەڵام باوکی ئیسکۆ گوتیشی "کاتی ئەوە هاتووە ئیسکۆ لە خولی ئیسپانی بڕوات و لە مێرکاتۆی زستانەدا بچێتە خولێکی دیکە و لەوێ یاری بکات".

لە هەمان کاتدا باوکی ئیسکۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "لەوانەشە ئیسکۆ تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت، ئەو لاری نییە لە مانەوە لەم وەرزەدا".

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئیسپانیا، باس لەوە دەکەن کە ئەو هەڵوێست گۆڕینەی ئیسکۆ، بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید و زینەدین زیدانی راهێنەری تووشی شۆک کردووە و دەڵێن "ئەوان زۆریان پێ سەیرە کە بەر لە چەند رۆژێک ئیسکۆ دووپاتیکردووەتەوە کە نایەوێت لە ریال مەدرید بڕاوت، کەچی ئێستا ئامادەیە ریزەکانی یانەی شاهانە جێبهێڵێت.

ماوەی گرێبەستی ئیسکۆی تەمەن 28 ساڵان لەگەڵ ریال مەدرید، لە هاوینی 2022 کۆتاییدێت، بەڵام ئەگەر ئیسکۆ سووربێت لەسەر رۆیشتن، لەوانەیە بەرپرسانی ریال مەدرید ئامادەبن لە مێرکاتۆی ئەم زستانەدا بەخۆڕایی دەستبەرداری یاریزانەکەبن، بۆ ئەوەی ساڵی دواتر بەخۆڕایی لەدەستی نەدەن.