حوسێن فەیسەڵ: بۆ نیو وەرز دەگەڕێمەوە ئاکرێ

رووداو دیجیتاڵ 

حوسێن فەیسەڵ، بەرگریکاری پێشووی یانەی ئاکرێ و ئێستای گازی باکوور بڕیارییداوە بۆ یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستان بگەڕێتەوە یانەی ئاکرێ و بۆ نیو وەرز بەرگریی لە درێسی یانەکە بکات. 
 
حوسێن فەیسەڵ بۆ ماوەی دوو وەرز بەدرێسی یانەی ئاکرێوە یاری کرد، بەڵام لە ناوەڕاستی وەرزی رابردوو بڕیارییدا یانەکە بەجێبهیڵێت و رووی کردە خولی نایابی عێراق و ئێستا لە یانەی گازی باکووری خولی نایابی عێراقە.
 
ئەم بەرگریکارە، سەبارەت بەگەڕانەوەی بۆ خولی نایابی کوردستان بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "من گرێبەستم لەگەل یانەی گازی باکوور هەیە، بەڵام ماوەی 10 یارییە یەک خولەکیش یارییم نەکردووە، لکاتێکدا لەپێش دەستبەکاربوونی ئەم راهێنەرە، شتەکان بەم شێوەیە نەبوو، بۆیە دەمەوێت لە شوێنێک بم کە یاریی بکەم". 
 
حوسێن فەیسەڵ، لەسەر گەڕانەوە بۆ ئاکرێ بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "لەگەڵ ئاکرێ لە پەیوەندیدام، چونکە هێشتا مافی دەستبەرداربوونم لێیان وەرنەگرتووە، بۆیە پێش گەڕانەوە دەبێت هەندیک وردەکاریی گرێبەست هەیە لەگەڵ کارگێڕیی یانە یەکلایی بکەمەوە، ئینجا بڕیار دەدەم، پێویستە لەگەڵ گازی باکووریش دابنیشم و بزانم بڕیاری چی دەدەم". 
 
حوسێن فەیسەڵ، یەکێک بوو لە یاریزانە گرنگەکانی دوو وەرزی رابردووی ئاکرێ کاتێک نازناوی خولی نایابی کوردستان و جامی سوپەری کوردستانیان بەدەستهێنا.