ئاکام هاشم و کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
یاریی نێوان نەسڕ و زەورا لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی ئاستی دووەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، کاژێر 19:00 بە کاتی هەولێر بەڕێوەدەچێت. بەپێی دوایین زانیارییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناوی لە پێکهاتەی نەسڕدا هەیە و ئەگەری ئەوەی هەیە بەشداریی لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بکات، ئەمەش دەرفەتێک بۆ ئاکام هاشمی بەرگریکاری کورد دەڕەخسێنێت تاوەکو لەم یارییەدا بەرامبەر ئەفسانە پۆرتوگالییەکە یاری بکات.
یاریگەی شا سعود لە شاری ریاز، میوانداری یاریی لوتکەی گرووپی چوارەم دەکات لە نێوان نەسڕ و زەورا، هاندەران چاوەڕێی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە دەکەن کە دەبێتە مێژوو بۆ ئاکام هاشمی یاریزانی هەولێری و کورد بەرامبەر گۆڵکارە مێژووییەکەی تۆپی پێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
ئاکام هاشم رەحمان، بەرگریکاری تەمەن 27 ساڵانی کورد، یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی هێڵی بەرگری زەورا و هەڵبژاردەی عێراق.
ئاکام بووەتە یەکێک لە پایە گرنگەکانی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی عێراق، لە 11ـی مانگی 6ـی 2024 یەکەم یاری نێودەوڵەتی بەرامبەر ڤێتنام ئەنجامدا، لە 20ـی مانگی 3ـی 2025 یەکەم گۆڵی نێودەوڵەتی خۆی بۆ عێراق بەرامبەر کوەیت تۆمارکرد. ئاستی بەرزی ئاکام لە دوایین یاریی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر ئوردن لە 11ـی مانگی 12ـی 2025 رەنگی دایەوە، کاتێک توانی بە رێژەی %8.5 هەڵسەنگاندن بۆ یارییەکەی وەربگرێت و بە وردییەکی زۆرەوە پاس بدات.
لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، ئاکام هاشم لە هەر 4 یاریی رابردووی زەورا بەشێوەی سەرەکی بەشداربووە. هەرچەندە وەک بەرگریکار و بە درێسی ژمارە 8 یاری دەکات، بەڵام مەترسییەکی زۆری لەسەر گۆڵی تیپی بەرامبەر دروستکردووە و تەنیا یەک فاوڵی ئەنجامداوە، ئەمەش ئاستی بەرزی پابەندبوونی ئەم یاریزانە نیشان دەدات.
نەسڕ بە تیپێکی پڕ لە ئەستێرەوە دێتە نێو یاریگە، لەوانەش جواو فیلیکسی هێرشبەر، مارسێلۆ برۆزۆڤیچی و محەممەد سیماکان لە هێڵی بەرگری. لە بەرامبەردا سادیۆ مانێ بەهۆی بەشداریکردنی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لەگەڵ هەڵبژاردەی سەنیگال، لەو یارییەدا بەشدارنابێت.
ئەوەی جێگی سەرنجە ئەوەیە کە بەئەگەرێکی زۆرەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریگەدا ئامادە دەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە بەسەرەکی یاریی بکات یان وەک یاریزانی یەدەگ بەشداربێت، لەبەئەوەی ناوی لە لیستی یاریزانەکاندایە.
نەسڕ پێشتر بەکۆکردنەوەی 15 خاڵ لە 5 یاری و تۆمارکردنی 17 گۆڵ، پێشەنگی گرووپەکەی مسۆگەر کردووە. بۆ ئاکام هاشم و هاوڕێکانی، ئەم یارییە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ نیشاندانی تواناکانیان بەرامبەر یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی ئاسیا لە نێو خاکی سعودیەدا.