چیرۆکی پەیکەرە بچووکە نهێنییەکەی لامین یامال
رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پەردە لەسەر نهێنییەکانی نێو ماڵە نوێیەکەی لادەبات و پەیکەرێکی نامۆی خۆی پێشانی هەوادارانی دەدات، ئەو پەیکەرە لە کولتووری کەتەلۆنییەکاندا، بە هێمای بەختێکی باش و دابەزینی پیرۆزیی بۆ سەر زەوی دادەنرێت.
لامین لە ماوەی رابردوودا، ئەو خانووەی بەکرێگرتەوە کە پێشتر جێرارد پیکێ و شاکیرا لێی نیشتەجێ بوون.
لامین یامال هێرشبەری تەمەن 18 ساڵی یانەی بارسێلۆنا، لە ڤیدیۆیەکی تایبەتدا گەشتێکی نێو ماڵەکەی بە بینەرانی نیشاندا، ئەو یاریزانە باسی لەوە کرد کە ئەو شوێنەی جێهێشتووە کە پێشتر لە ئەکادیمیای لاماسیا لێی دەمایەوە و ئێستا نیشتەجێی ماڵەکەی پێشووی جێرارد پیکێیە.
لە تەنیشت ئەو رەفەیەی یامال جام و خەڵاتەکانی لێ داناوە، پەیکەرێکی بچووکی خۆی بەدرێسی بارسێلۆناوە داناوە وەکئەوەی خەریکی پیسایی کردن بێت، یامال دەڵێت "ئەمە خۆشەویستترین شتە لای کینیی برای بچووکم، هەر کاتێک بێتە ئێرە داوام لێ دەکات بەرزی بکەمەوە بۆ ئەوەی دەستی پێبگات".
ئەم پەیکەرە لە کولتووری کەتەلۆنیادا بە 'کاگانێر' ناسراوە، یەکێکە لە دیارترین هێماکانی جەژنی لەدایکبوون لەو هەرێمە، بەپێی نەریتە کۆنەکان ئەم پەیکەرە لە نێو ئەو دیمەنانە دادەنرێت خێزانەکان بۆ یادەکە دروستی دەکەن، بوونی ئەم پەیکەرە بە هێمای بەختێکی باش و دابەزینی پیرۆزیی بۆ سەر زەوی دادەنرێت، هەروەها نیشانەی تێکەڵکردنی مرۆڤ و زەوییە.
خاوەنی ئەو کارگەیەی ئەم پەیکەرانە دروست دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە دروستکردنی پەیکەری یاریزانانی بارسێلۆنا لە سەردەمی رۆناڵدینیۆ دەستی پێکردووە، دواتر لە سەردەمی لیۆنێل مێسی و پێپ گواردیۆلا فرۆشی زۆری هەبووە، مێسی تاوەکو ئێستا یەکێکە لە پڕفرۆشترین پەیکەرەکان و ئەمساڵیش دۆناڵد ترەمپ لە پلەی یەکەم و مێسی لە پلەی دووەم دێت.
هەندێک لە یاریزانەکان لە سەرەتادا بە نامۆیی سەیری ئەم کلتوورەیان کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن لویس سوارێز سەرەتا نیگەران بووە بەوەی پەیکەرێکی بەو شێوەیەی بۆ دروست کراوە، بەڵام دواتر لیۆنێل مێسی راستیی بابەتەکەی بۆ روون کردووەتەوە و پێیگوتووە ئەمە تەنیا نیشانەی رێز و شانازییە، چونکە تەنیا کەسایەتییە دیارەکان دەبنە خاوەنی ئەم جۆرە پەیکەرە.