بالۆتێلی ژیانی هاوڕێیەکی دەخاتە مەترسییەوە
رووداو دیجیتال
ماریۆ باڵۆتێلی، یاریزانی ئیتالی، یەکێکە لەو یاریزانانەی کاری شێتانە و سەرکێشی سەیر و نامۆ دەکات و هەمیشە بە رەفتارە سەیرەکانی هەرا دەنێتەوە.
بالۆتێلی دەست لە کارە سەرشێتییەکانی هەڵناگرێت و لە سەرکێشییەکی نوێدا ژیانی هاوڕێیەکی دەخاتە مەترسییەوە و داواکاری گشتیش لێکۆلینەوەی لێدەکات.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، باس لەوە دەکەن کە بالۆتێلی لەگەڵ کاتیلۆ بونۆکۆری هاوڕێی بە گەشت چوونەتە هاوارگەی میرجیلینا و باڵۆتێلی گرەوێک لەگەڵ ئەو هاوڕێیەی دەکات و پێیدەڵێت "ئەگەر بوێری بە ماتۆڕەوە خۆت هەڵدەیە نێو دەریا پارەیەکی زۆرت پێدەدەم، بەپێچەوانەشەوە تۆ دەبێت پارەم پێبدەی".
ئەو سەرچاوەیە، هەروەها دەڵێت "هاوڕێکەی بالۆتێلی خۆی بە ماتۆڕەوە هەڵداوە و گرەوەکەی بردووەتەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە داواکاری گشتی بڕیاریداوە لێکۆلینەوە لە سوپەر ماریۆ بکات، بە تۆمەتی ئەوەی ژیانی مرۆڤێکی خسووەتە مەترسییەوە".
ماریۆ باڵۆتێلی، یاریزانێکی خاوەن بەهرەیە، بەڵام بەهۆی کارە سەرشێتییەکانی هەمیشە کێشەی بۆ خۆی و دەوروبەری دروستکردووە، ئەو بۆ چەندین گەورە یانەی ئەوروپا یاریکردووە، بەڵام بەهۆی سەرشێتیی خۆی لە هیچ یەکێک لەو یانانە نەماوەتەوە.