ڤیدیۆ؛ خانمێک مێژوویەکی نوێ لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا تۆماردەکات

رووداو دیجیتاڵ

جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2021 رووداوێکی گرنگی بەخۆیەوە بینی، کە یەکەمجارە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا روودەدات و ناوبژیوانێکی ژن یارییەکی پیاوان بەڕێوەدەبات.
 
لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی گینیا و زێمبابوێ کە یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بۆ زێمبابوێ کۆتاییهات، سەلیمە موکانسانگا، خانمە ناوبژیوانی رواندی مێژوویەکی نوێی لە پاڵەوانێتییەکەدا تۆمارکرد و بووە یەکەم ناوبژیوانی ژن یارییەکی پاڵەوانێتییەکە لەسەر ئاستی پیاوان بەڕێوەببات.
 
موکانسانگا لە 25ـی تەممووزی 1988 لە دایکبووە و خەڵکی رواندایە، لەلایەن فیفاوە بڕوانامەی نێودەوڵەتیی پێدراوە، لە 2019 یارییەکانی جامی جیهانی خانمانی لە فەرەنسا بەڕێوەبرد، یارییەکانی ئۆڵیمپیاد، جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لەسەر ئاستی خانمان و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای لەسەر ئاستی خانمان بەڕێوەبردووە.
 
ناوبژیوانە ژنەکەی رواندا لە 32 وەشانی رابردووی جامی ئەفریقادا کە لە 1957ـەوە دەکرێت، دەبێتە یەکەم خانمە ناوبژیوان یارییەکی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەببات.
 
پێشتر هەر لەم پاڵەوانێتییەدا ناوبژیوانەکە وەک ناوبژیوانی چوارەمی یاریی نێوان گینیا و مالاوی دیارییکرابوو.
 
ئەو زۆر شانازی بەو دەستکەوتەی دەکات و پێیوایە سەرکەوتنی خۆی بە سەرکەوتنی هەموو خانمانی ئەفریقا دەزانێت. سەلیمە موکانسانگا دەڵێت "شانازییەکی گەورەیە کە ببمە ناوبژیوان لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، ئەمە جێی خۆشحاڵییە بۆ هەموو خانمەکان، خانمە ناوبژیوانەکانی ئەفریقا، ئەمە ساتێکە، دەرفەتێکە کە ئێمە ئێستا دەرگاکە بکەینەوە و نیشانی بدەین کە هەموو ژنانی ئەفریقا بەتوانان و دەتوانن بگەنە ئەم خاڵە، ئەوەی پێیانە و دەیزانن ببەخشن، ئەوان ئامادەن بۆ قۆناخی داهاتوو".
 
خودی ئەفریقییەکانیش شانازییەکی زۆر بە سەلیمەوە دەکەن، کە ئێدی میلیتی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا لەبارەی ئەو خانمە ناوبژیوانەوە گوتی "شانازییەکی زۆر بە سەلیمەوە دەکەین، ئەو زۆر بەجددی کاردەکات و بەردەوامبووە تاوەکو بگاتە ئەم رۆژە."
 
خەونی سەلیمە لە جامی نەتەوکانی ئەفریقاش گەورەترە و لە مێشکی خۆیدا دایناوە کە یارییەکانی مۆندیالیش بەڕێوەببات، ئەو دەڵێت "ئەمە دەرفەتێکە پێویستە بیقۆزینەوە و دەبێت دەست بە کاری جددی بکەین و بەرەو پێشەوە بچین، ئەمە تەنیا سەرەتایە و لەوانەیە ئەوەی دوای جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دێت لە ئاستێکی دیکەدا بێت".
 
سەلیمە وەک ژنێک پێویست بوو بەسەر زۆر بەربەست و مەترسیدا سەربکەوێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەم ئاستە، کە لە راستیدا ئەو ساتە تەنیا بۆ سەلیمە نییە، بەڵکو بۆ هەموو خانمانی ئەفریقایە کە تۆپی پێیان خۆشدەوێت و دەیانەوێت لە تۆپی پێدا ببنە ناوبژیوان.