ڤیدیۆ؛ بایرن میونشن بە زەحمەت لە دۆڕان رزگاری بوو

رووداو دیجیتاڵ

 

جۆشوا کیمیچ، بایرن میونشنی لە دۆڕاندن لەسەر یاریگای خۆی لە بوندێسلیگا رزگارکرد، کاتێک لە دوایین خولەکی یارییەکەدا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
 
لە گەڕی 17ـی بوندێسلیگادا، بایرن میونشنی لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداری یانەی کۆڵنی کرد و یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
 
یانەی کۆڵنی میوان لە خولەکی 4ـدا بە گۆڵێکی نایابی ئەلیاس سخێری ئەستێرەی تونسی پێشکەوتنی بەدەستهێنا کە بێگومان ئەم گۆڵە دڵی ئۆلیڤەر کانی کارگێڕ و گۆڵپارێزی پێشووی بایرن و لۆتار ماتیوس هاوڕێی پێشووی یانەکەی دڵخۆش نەبوو کە لەسەر یاریگا بوون.
 
لە گێمی دووەمدا بایرن بەهێز دەستیپێکرد و لێشاوێک هێرشی کردە سەر گۆڵی کۆڵن، کە  لە خولەکی 79ـدا تۆماس مۆلەر نزیکبوو بە لێدانێکی سەر گۆڵی یەکسانبوون بۆ بایرن تۆماربکات، بەڵام گۆڵپارێزەکەی کۆڵن وریابوو، و نەیهێشت تۆڕەکەی بهەژێنرێت.
 
لە خولەکی 90 جۆشوا کیمیچ لە دووری 30 مەترەوە گۆڵێکی سەرسوڕهێنەری بۆ یانەی باڤاری تۆمارکرد، ئەمەش یارمەتی بایرن میونشنی دا خالێکی یارییەکەی بەربکەوێت.
 
بایرن میونشن سەرەڕای لەدەستدانی 2 خاڵی ئەم یارییە، هەر لە پێشەنگی خولەکە مایەوە، کە 36 خاڵی لە 17 یاریدا هەیە، کۆڵنیش بە 21 خاڵ گەیشتە پلەی دەیەمی ریزبەندی.