تیپی وەرزشیی گۆمەتال.. ئەو تیپەی هەمووان لێی دەترسن

رووداو دیجیتاڵ

 

تیپە میللییەکان هەمیشە کارگەی پێگەیاندن و دروستکردنی یاریزانی بەتوانان، بەتایبەتی ئەگەر کەسانی شارەزا و دڵسۆز بەڕێوەیان ببەن، کە تیپی وەرزشیی گۆمەتال لە سنووری دیبەگە و کۆیە نموونەیەکی بەرچاوی ئەو تیپانەیە.
 
تیپی وەرزشیی گۆمەتال بە دروشمی "هەرگیز كۆڵ مەدە دەگەیت بەئامانجەكانت" دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا توانی بەکردەنی بیسەلمێنێت.
 
تیپی وەرزشی گۆمەتال لەسەرەتایی دروستبوونی  لە تەنیا شەش یاریزان پێکهاتبوو، بەشكست دەستیان بەیارییەكان دەكرد و خەڵكی گاڵتەیان بەتیپەكە دەكرد و لە سۆشیال میدیا بە "بێ هێزترین تیپی سنووری دێگەلە" دەناسێنرا، بەڵام ئەوان کۆڵیان نەدا و بەردەوام بوون تاوەکو لەناكاوێكدا كاپتنێکیان وەک گۆچانی سیحری لێ پەیدابوو، و تیپی گۆمەتالی لە هەموو کێشەکان رزگارکرد و ناسنامەی گۆمەتالی گۆڕی بۆ سەركەوتن.
 
ئەو کاپتن سەروەت بوو، کە توانی تیپێكی تۆكمە، تیپێكی پۆڵایین دروست بكات و ئیدی وایکرد هەموو ئەوانەی رۆژانێک گاڵتەیان بەو تیپە دەکرد، سەرسام بن بەتواناکانی و خۆزگە بخوازن زوو زوو یاری بکات بۆ ئەوەی چێژ لە بینینی وەربگرن.
 
کاپتن و تیپەکەی سەرتاسەری كوردستانیان سەرسام كردووە، چونکە وەک راهێنەر و یاریزان کەسێکی بەتوانایە لەڕوویی دانانی پێكاتە، لەڕووی گۆڵكردن و لەڕوویی گۆل دروستكردنەوە.
 
تیپی وەرزشیی گۆمەتال ئەو تیپەیە کە هەمووان حەزدەکەن یاری لەگەڵ بکەن بەهۆی توانا و نێوبانگەکەی، هەمووانیش نایانەوێت لە خول و پاڵەانێتییەکەدا رووبەڕوویان ببنەوە، لەبەرئەوەی تیپێکی بەهێزە و بردنەوە لێیان زۆر زەحمەتە.