لە گرینلاند.. تۆپی پێ لە دژی سیاسەت دەوەستێتەوە و خەونی هەمووان، بوونە بەبەشێک لە خاکی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سووربوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە بەدەستهێنانی دوورگەی گرینلاند و کردنی بەبەشێک لە خاکی ئەمریکا، ئێستا هەموو شتێکی ئەو دوورگە بەستەڵەکە جێگەی سەرنجە، لەنێویاندا تۆپی پێ.
ئەگەرچی لە رووە سیاسییەکەوە، دانیشتووانی گرینلاند بەبوون بەبەشێک لە خاکی ئەمریکا دڵخۆش نین، بەڵام پێدەچێ لە رووی تۆپی پێوە، ئەو هەنگاوە زۆر دڵخۆشیان بکات و خەونی لە مێژینەیان بهێنێتە دی.
دوورگەی گرینلاند، بە دووەم گەورەترین دوورگەی جیهان دادەنرێت، پاش ئوسترالیا. دوورگەکە بەشێکە لە خاکی دانیمارک، دەکەوێتە نێوان زەریای بەستووی باکوور و زەریای ئەتڵەسییەوە. بەپێی نوێترین سەرژمێری لە 2025 دوورگەکە 56،831 کەس تێیدا دەژی.
سەرۆکی ئەمریکا ماوەیەکی بەرچاوە داوای بەدەستهێنانی دوورگەی گرینلاند دەکات وەک بەشێک لە خاکی وڵاتەکە. ئەمریکا پێیوایە ئەو دوورگەیە بایەخێکی گەورەی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی هەیە و بەهەموو شێوەیەک کار بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی بەسەر دوورگەکەدا دەکات.
لە نێو ئەو مشتومڕە سەرنجڕاکێشە سیاسییەدا، پێدەچێت ئەوانەی بڕیاربەدەستی تۆپی پێن لە دوورگەکەدا، بوون بە ئەمریکای دوورگەکە، بەهەلێکی باش بۆ داهاتووی تۆپی پێ ببینن.
گرینلاند ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدات وەک هەڵبژاردەیەکی فەرمی و سەربەخۆ لەلایەن فیفاوە دانیپێدابنرێت، تاوەکو بەشداریی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بکات. وێڕای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی دوورگەکە، داوای ئەندامێتی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆنکاکاف کرد، بەڵام بەبێ روونکردنەوەی هۆکار، لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوودا، داواکەی رەتکرایەوە.
پاتریک فریدرێکسن، کاپتنی هەڵبژاردەی گرینلاند بە رۆژنامەی 'زە سەن'ی راگەیاندووە، "رەتیانکردینەوە و هۆکارەکەش نازانین. لەوانەیە بابەتەکە پەیوەندی بە پارەوە هەبێت، چونکە دوورگەکەمان دوورە لە وڵاتانی دیکەوە و تێچووی سەفەرکردن بۆی گرانە".
رەتکردنەوەی ئەندامێتی لە کۆنکاکاف، هەڵبژاردەکەی لە سنووری کۆمەڵێک یاریی دۆستانەدا بەرامبەر تیپە ئارەزوومەندەکان، قەتیسکردووە.
گرینلاند کە رووبەرێکی گەورە و ژمارەیەکی کەمی دانیشتووانی هەیە، 76 یانەی هەیە و 5500 کەسیش بەفەرمی وەک یاریزان خۆیان ناونووسکردووە.
کێشەی گەورەی دوورگەکە کەمیی ماوەی بەردەستە بۆ یارییکردن لە کەشێکی ئاساییدا. کەشوهەوای دوورگەکە بەجۆرێکە، بەدرێژایی ساڵێک، تەنیا پێنج مانگ دەتوانرێت لە یاریگەی کراوەدا یاریی لێبکرێت، لە کاتەکانی دیکەی ساڵدا، پلەکانی گەرما دەگەنە 55 ژێر سفر.
پرسیار ئەوەیە، بۆچی گرینلاند داوای ئەندامێتی لە یۆفا (فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا) ناکات؟ لەکاتێکدا سەر بەدانیمارکە و دانیمارکیش ئەندامی یۆفایە، واتە خاکی دوورگەکە بەبەشێک لە ئەورووپا دادەنرێت؟
وەڵامەکە ئاسانە، لە رووی سیاسییەوە، گرینلاند سەر بە دانیمارکە، ئەوەش رێگرە لە بوون بەئەندامی یۆفا، چونکە یۆفا تەنیا رێگە بەئەندامێتی وڵاتانی سەربەخۆ و دانپێدانراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات. بەڵام ئەگەر دوورگەکە ببێتە هەرێمێکی ئەمریکا، بەئاسانی دۆخەکە دەگۆڕێت، چونکە ئەوکات ئەمریکا دەتوانێت پاڵپشتیی دوورگەکە بکات بۆ ئەندامێتی لە کۆنکاکاف، هاوشێوەی دوورگەکانی دیکەی وەک سانت مارین و مارتینیک، هەروەها دوورگەکانی ڤێرجنی بەریتانی - ئەمریکی کە هیچیان سەربەخۆیی سیاسیی تەواویان نییە.
فریدرێکسنی کاپتنی هەڵبژاردەکە دەڵێ، لە 'نواک'ی پایتەختی دوورگەکە، هەمووان شەیدای تۆپی پێن، "تۆپی پێ وەرزشی یەکەمی دڵخوازی گەلە لێرە، هەمووان بینەری پریمەرلیگن، هەندێک هاندەری مانچێستەر یونایتد، هەندێک لیڤەرپوول، یان ئارسیناڵ یان چێڵسی و هەر یانەیەکی دیکە.. لێرە لە هەموو ماڵێکدا تەماشای پرێمەرلیگ دەکرێت".
مۆرتن رۆتکیگەری راهێنەری هەڵبژاردەی گرینلاند، بە رۆژنامە بەریتانییەکەی راگەیاندووە، "ئێمە یاریزانی بەهرەمەندمان هەن، ئەوان بەبوونی رکابەرییەکی فەرمی گەشەی زیاتر دەکەن. منداڵانی دوورگەکە لەسەر بەفر یارییدەکەن، هەروەها لە یاریگەی سەرداپۆشراودا، ئەوان بەدرێژایی کات باسی تۆپی پێ دەکەن، بوونە ئەندام لە کۆنکاکاف، خەونێکیان بۆ دەکاتە راستی، کە ماوەیەکی زۆرە لەپێناویدا دەجەنگن".
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا مشتومڕی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەبارەی خاوەندارێتی دوورگەکەوە بەردەوامە، بەڵام پێدەچێ سووربوونی ئەمریکا لەسەر بەدەستهێنانی خاکی دوورگەکە بەهەر نرخێک بێت، لە کۆتاییدا خەونی سیاسییەکانی دوورگەکە لەناوببات و خەونی وەرزشوانەکانی بکاتە راستی.