دوو یاریی زۆر بەهێز لە ئیتاڵیا دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
یاریی لووتکەی سێری ئا لەنێوان خاوەنی پلەی دووەم و پلەی چوارەم دەبێت، هەردوو یانەی رۆما و ئەیسی میلان لە پایتەخت رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 22ـی خولەکەدا، ئەمشەو یانەی رۆما لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەی خولەکەدا میوانداریی یانەی ئەیسی میلان دەکات و هەردوو یانە دەیانەوێت لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبن.
ئەیسی میلان لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 46 خاڵ و تەنیا یەک یاریی لەم وەرزەی خولەکەدا دۆڕاندووە، رۆما 7 دۆڕاندنی هەیە و هیچ یارییەکی بەیەکسانبوون تەواو نەبووە، ئێستا یانەکە لە پلەی چوارەمە بە 42 خاڵ.
یاریی نێوان هەردوو یانە یارییەکی مێژووییە و 203 جار هەردوو تیپ بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، ئەیسی میلان خاوەنی 86 بردنەوەیە، رۆما 54 یاریی بردووەتەوە و 63 رووبەڕووبوونەوەیان بە یەکسانبوون تەواو بووە.
جگە لەو یارییە، یارییەکی دیکەی لووتکە لەم گەڕەی سێری ئا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی یوڤێنتوس و ناپۆلی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
یارییەکە لە یاریگەی ئالیانز لە تۆرینۆ بەڕێوەدەچێت، ناپۆلی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 43 خاڵ، یوڤێنتوس بە 39 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە، خانمە پیرەکە دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە پلەی پێنجەم و پارتێنۆپێ چاوی لەوەیە لە رکابەریکردنی ئەیسی میلانی دووەم و ئینتەرمیلانی یەکەم بەردەوامبێت.