بارسێلۆنا بۆ گەڕانەوە بۆ پێشەنگ پێویستی بەبردنەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی لالیگای بەشێوەی کاتی لەدەستداوە و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 18:15 لە رکابەرییەکانی گەڕی 21، بارسێلۆنا دوای دۆڕانی لە گەڕی رابردووی لالیگادا بەرامبەر ریال سۆسیداد، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ریال ئۆڤیێدۆ یاریی دەکات.
بارسا دوای بردنەوەی ریال مەدرید لە ڤیاڕیال بەشێوەی کاتی چووەتە پلەی دووەمی ریزبەند، بەبردنەوەی یارییەکە بلاوگرانا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و بەجیاوازیی خاڵێک پێش ریال مەدرید دەکەوێتەوە.
لە یارییەکەدا پێدری و فێران تۆرێس بەهۆی پێکانەوە ناتوانن هاوکاریی تیپەکەی هانزی فلیک بکەن.
بارسێلۆنا 41 یاریی لە یاریگەی خۆی بەرامبەر ئۆڤیێدۆ ئەنجامداوە، 34 بردنەوە، 4 دۆڕان و 3 یەکسانبوونی هەیە، دوایینجار کە لە یاریگەی خۆی بەرامبەر ئەو یانەیە دۆڕا وەرزی 2000-2001 بوو کاتێک بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی دۆڕاند.
ئۆڤیێدۆ تەنیا دوو بردنەوەی لەم وەرزەدا هەیە و بە 13 خاڵ لە پلەی کۆتایی ریزبەندی لالیگایە.